|
هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى هه‌ستکردنى تاکه به ئینتیما کردنى بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ى،
به‌سوده بۆى و خۆشه‌ویستى هه‌یه بۆ نیشتمان و گه‌ل و شانازى به
سهربهرزیهکانیهوه ده‌کات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ده‌پارێزێت،
تێده‌کۆشێت بۆ ڕزگارکردنى نیشتمانه‌که‌ى له ژێرده‌سته‌یى بێگانه و
به‌دیهێنانى ئاواته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که جیاوازى چین و توێژه‌کانى گه‌ل
ده‌یگۆڕێ و پێشڕه‌ویان ده‌کا. هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى له سه‌رهه‌ڵدان و دروست
بوونێکى مێژوویه‌وه ڕه‌نگده‌داته‌وه له سه‌ر گه‌ل به‌پێى بارودۆخێکى
تایبه‌ت به خۆیان.
جلال تاله‌بانى
وه‌ك ووتمان له سه‌ده کۆنه‌کاندا بزوتنه‌وه‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یى کورد
نه‌بووه، هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى و کوردایه‌تى پێنه‌گه‌یشتووه به‌ڵام ئه‌و
هه‌سته واته کوردایه‌تى له چه‌ند خانه‌یه‌کى مێشک‌دا هه‌بووه و
ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کى ناڕاسته‌وخۆى لهبزووتنهوهکاندا ده‌رکه‌وتووه به‌و
به‌ڵگه‌یه‌ى که زۆرینه‌ى ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کان بۆ کۆکردنه‌وه‌ى
چه‌کداره‌کان و پیاوه‌کانیان ئه‌و بیانووهیهیان به‌کار هێناوه بۆ
بزواندنى خه‌لکى.
پاشان به‌بڵاو بوونه‌وه‌ى مێژووى شۆڕشه‌کانى گه‌لانى تر و فراوان بوون و
به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى خوێندن، ڕووناکبیران له‌وه‌گه‌یشتوون که پێویسته
سه‌ره‌داوى ئه‌و بزوێنهرهى سه‌رهه‌ڵدان و ناڕه‌زاییه‌کان و پاشان
شۆڕشه‌کان ده‌ربخه‌ن و لێکۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بکه‌ن.
سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ى شۆڕشى ئۆکتۆبه‌ر له ڕووسیا کاریگه‌رى
ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر شۆڕشگێڕانى هه‌موو بنده‌سته‌کانى سه‌ر خاکى ئه‌م
زه‌مینه هه‌بووه، ووشه‌ى گه‌لى سه‌رده‌ست و بنده‌ست و ناساندنى دۆست و
دووژمنى قۆناغه جیاجیاکانى خه‌بات و شۆڕش بۆ هه‌سته چینایه‌تى و
نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هاته‌کایه‌وه.
چاره‌سه‌رى ڕامیاریانه و یه‌کسانى کردنى مافه‌کانى مرۆڤ کرایه بابه‌ت و
ووته‌ى سه‌ر زارى ڕووناکبیرانى هه‌موو لایه‌ك له جیهاندا و لێکۆڵینه‌وه‌ى
زیاترى له‌سه‌ر کرا، ڕ‌ۆشنبیرانى کوردیش پرژێکى ئه‌و هه‌واڵانه‌یان
پێگه‌یشتووه هه‌ربۆیه ده‌بینین له‌دواى جه‌نگى جیهانیه‌وه به‌جدى تر و
به‌شێوه‌یه‌کى به‌رفراوانتر ڕووناکبیران به‌ره‌و په‌یڕه‌وکردنى شۆڕشى سیاسى
هه‌نگاویان ناوه و بزووتنه‌وه سیاسیه‌کانى چینایه‌تى و نه‌ته‌وایه‌تى
سه‌رى هه‌ڵداوه.
ئه‌گه‌ر چاولێکهریشى تیا به‌دى ده‌کرێ ئه‌وه تواناى ڕووناکبیرانى ئه‌و
کاته هه‌ر ئه‌وه‌نده بووه و ده‌توانین به قۆناغى سه‌رهه‌ڵدانى
شۆڕشه‌کانیان دابنێین له‌ڕووى تیۆر و ناساندنى دۆست و دوژمنى
بزووتنه‌وه‌کانه‌وه.
یه‌که‌م هه‌نگاویش وه‌ك سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و قۆناغه له کوردستانى
باشووره‌وه ده‌ستى پێکردوه به ده‌رکه‌وتنى حیزبى هیوا و پارتى دیموکراتى
کوردستان و پاشان حیزبى شیوعى.
له‌به‌ر نه‌بوونى بزووتنه‌وه‌یه‌کى ئاشکراو ده‌رکه‌وتوو له کوردستانى
باکوردا ده‌توانین به‌قۆناغێکى متبوون ناوى به‌رین، که‌له‌ڕاستیدا
خهفهکراوو بووه و هه‌رچه‌نده تورکه سه‌رده‌سته‌کان هه‌موو هێزو توانا‌و
هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى لاى گه‌لى کورد بنبڕکرد بوو و له زۆر شوێنى
کوردستاندا له‌ماڵه‌کانى خۆیشیاندا زمانى کوردى لێ قه‌ده‌غه کردبوون،
به‌ڵام هه‌ر جارجار هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى بزوێنه‌رى چالاکیه‌کانیان بووه و
نمونه‌ى ئه‌وه‌یش گرتن و زیندانى کردنى چل و نۆ که‌سى کورده که
به‌تۆمه‌تى جیاخوازى گیرابوون که‌له دواى کوده‌تا سهربازیهکهى
27/5/1960 ئازادکران.
هه‌روه‌ك له سه‌ر داواى ئه‌نجومه‌نى خوێندکارانى کورد له ڕۆژى 3/8/1967
دا خۆپیشاندانێکى بهربڵاوو سه‌رتاسه‌رى کوردستانى باکورى گرته‌وه. له
سلیڤان دا پتر له 10 هه‌زار و له دیاربه‌کر پتر له 25 هه‌زار که‌س
به‌شدارى خۆپیشاندانیان کرد.
به‌ماوه‌یه‌کى که‌م دواى ئه‌م خۆپیشاندانه فایه‌ق بوجاکى دامه‌زرێنه‌رى
حیزبى دیموکراتى کوردستانى تورکیا، له ڕووداوێکى نادیاردا به‌ده‌ستى
مامورانى ئه‌من ده‌کوژرێت و پۆلیسى تورکیاش هه‌موو سه‌رانى حیزبه‌که
ده‌گرێت و پاشان ئازادیان ده‌کات.
دامه‌زراندنى حیزبى دیموکراتى کوردستانى تورکیا له لایه‌ن فایه‌ق
بوجاکهوه بوو، ڕێکخراوێکى نه‌ته‌وه‌یى و له ژێر کاریگه‌رى هه‌ستى
نه‌ته‌وایه‌تیدا زۆر له گوند و گوندنشینه‌کانى سوریاشى له خۆ گرتبوو تا
له ساڵى 1969 دا حیزبه‌که بوو به دوو به‌شه‌وه. لایه‌نێکیان به
سه‌رۆکایه‌تى سه‌عید ئالجى و لایه‌نه‌که‌ى تر به سه‌رۆکایه‌تى پزیشکێك بوو
به ناوى دوکتۆر شڤان که له‌گه‌ڵ 2 ڕێکخراوى تردا یه‌کیان گرت به‌ناوى
حیزبى دیموکراتى کوردستانى تورکیا و پارتى دیموکراتى کوردستانى تورکیا
کۆمه‌ڵه‌ى ئازادى.
دوکتۆر شڤان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کارى پزیشکى ده‌کرد له کوردستانى باشوردا
ڕاهێنانى به لایه‌نگرانیشى ده‌کرد که 400 تا 500 که‌س ده‌بوون.
سه‌عید ئالجى له بارودۆخێکى دژوار‌دا کوژرا، لایه‌نگرانى دوکتۆر شڤانیش
به‌م کوشتنه تاوان بار کران و پێشمه‌رگه‌کانى بارزانى گرتیان و به
بڕیارێکى دادگایى به سه‌رۆکایه‌تى حه‌بیب که‌ریمى سکرتێرى ئه‌و ده‌مه‌ى
پارتى ئیعدام کرا.
ئه‌م هه‌وڵانه وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و زۆڵم و زۆره نهپچڕاوهى تورکه
سه‌رده‌ست و شۆفێنیهکانى تورکیا بووه و خنکاندنى به‌رده‌وامى هه‌ستى
نه‌ته‌وایه‌تى و برسى کردنى گه‌ل و قه‌ده‌غه کردنى زمان و کولتور و مێژووى
گه‌لێکى چه‌ند ملیۆنى بێ گومان ته‌قینه‌وه‌ى توندى به‌دوادێت و بزوێنه‌رى
کاردانه‌وه ده‌بێت و زیاتر هه‌وڵى خۆڕۆشنبیر کردن ده‌که‌ن که
سه‌رهه‌ڵدانى گروپ و پارته سیاسیه‌کانیان بووه.
له‌لایه‌کى تریشه‌وه له‌کاتى ڕێکه‌وتنى 11ى ئازارى 1970 ى کوردستانى
باشوردا هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى بزوێنه‌رێکى تر‌ى کورده‌کانى باکور بوو و
ده‌وڵه‌تى تورکیاش وه‌ك وه‌ڵامێك له ترسى دووباره نه‌بوونه‌وه‌ى
خۆپیشاندان و سه‌رهه‌ڵنه‌دانى شۆڕش که‌وته گیان وماڵیان.
له 18/4/1970 دا دوو هه‌زار کۆماندۆى هێزى تایبه‌تى جه‌ندرمه به دوو
سه‌د لۆرى و شه‌ش هێلیکۆپته‌ره‌وه شارى سلیڤانیان گه‌مارۆ دا و به‌بیانووى
پشکنینه‌وه هه‌موو ماڵه‌کانیان تاڵان کردن، هه‌موو پیاوه‌کانیان که 3144
که‌س بوون بردنیان و له‌ده‌ره‌وى شار سوکایه‌تیان پي ده‌کردن و
به‌سه‌ریاندا هاواریان ده‌کرد " کوردى سه‌گ، جاسوسانى بارزانى، کوا
چه‌که‌کانتان له کوێ شاردوتانه‌ته‌وه". چه‌ندین کارى کۆماندۆیى تر‌ى
له‌وبابه‌ته ئه‌نجام درا. (بنواڕه - کریس کوچێرا – کورد له سه‌ده‌ى
نۆزدهوبیست دا – و: حه‌مه که‌ریم عارف – ل 440).
حیزبى کرێکارانى تورکیاش وه‌ك حیزبێکى کۆمۆنیست له‌به‌رده‌م ڕووداوه‌کاندا
خۆى نه‌گرت و ناچاربوو که به هه‌ڵوێسته‌کانیدا بچێته‌وه له‌سه‌ر
مه‌سه‌له‌ى کورد، هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌کى زۆریش له کورده‌کان په‌یوه‌ندیان
به حیزبه‌که‌وه هه‌بوو که ئه‌مانه به‌که‌سانى چه‌پى نوێ داده‌نرێن له
ناو کوردستانى باکوردا و له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌ماندا 4 کوردى سه‌ر به‌م
حیزبه بوونه ئه‌ندامى په‌رله‌مان، که یه‌کێك له‌وانه دکتۆر تاریق
ئهکینجى بوو.
له کۆتایى 1969دا محه‌مه‌د عه‌لى ئهسلانى کرایه ڕابه‌رى حیزب و گۆڤارێکى
مانگانه‌ى به هه‌ردوو زمانى تورکى و کوردى ده‌رکرد که به‌یه‌که‌م
هه‌نگاو داده‌نرێت له خستنه ڕووى مه‌سه‌له‌ى کورد له تورکیادا.
سه‌رکردایه‌تى نوێى حیزبى کرێکارانى تورکیا له کۆنگره‌ى چواره‌مى خۆیدا
له 29/10/1971 دا به‌یاننامه‌یه‌کى ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌ى کورد ده‌رکرد و
ئه‌م خاڵانه‌ى په‌سه‌ند کرد:
"گه‌لى کورد له ڕۆژهه‌ڵاتى ووڵاتدا هه‌یه، ئه‌مه ڕاستییه‌که، به‌ڵام
له‌لایه‌ن ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه‌وه که سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى کورده‌کان
به (کێوى) و کوردستانى تورکیا به (ڕۆژهه‌ڵات) ناو ده‌به‌ن حاشاى
لێده‌کرێت ... به‌یاننامه‌که له‌سه‌رى ده‌ڕوا ...
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕ‌ژێمى فاشیستى چینى باڵا، سیاسه‌تى سه‌رکوتکارى و
تۆقاندنى ده‌رهه‌ق به گه‌لى کورد گرته‌به‌ر و ئه‌م سیاسه‌ته به قۆناغ و
به شێوه‌ى جیاواز له کارى پڕ زه‌بر و زه‌نگ خۆى نواند" بنواڕه - کریس
کوچێرا – کورد له سه‌ده‌ى نۆزدهوبیست دا – و: حه‌مه که‌ریم عارف – ل
441).
هه‌رچه‌نده ئه‌مه هه‌نگاوێکى دیار و گرنگى حیزبى کرێکارانى تورکیا بوو
به‌ڵام ئه‌رکى سیاسى خۆیى به‌جێ نه‌هێنا وه‌ك حیزبێکى کۆمۆنیست و چه‌پى
گه‌لى سه‌رده‌سته.
به‌ڵام ئه‌م هه‌سته وه‌ك پاراستنى یه‌کپارچه‌یى خاکى تورکیا و نه‌بوونى
هیچ گۆڕانکاریه‌ك به‌سه‌ر ده‌ستورى ده‌وڵه‌تدا له ناو هه‌موو تاکێکى ناو
تورکیادا کراوه‌ته یاسا و ئایدۆلۆژیاى ده‌وڵه‌ت کراوه‌ته ئایدۆلۆژیایه‌کى
ڕه‌سمى، له‌م باره‌یه‌وه ئیسماعیل بێشکچى ده‌ڵێ: که‌مالیزم ئایدۆلۆژى
ڕه‌سمى بنیاتناوه، ئایدۆلۆژى ڕه‌سمى خۆى له خۆیدا ئایدۆلۆژى نیه.
ئایدۆلۆژیایه‌که له‌ڕێگه‌ى ئیجرائاتى ئیدارى و جهزائیهوه به‌کار
ده‌هێنرێت. کاتێك ئایدۆلۆژى ڕه‌خنه ده‌که‌یت، یاخود په‌سه‌ندى ناکه‌یت و
هه‌ڵوێستى گونجاوت نیه به‌رامبه‌رى، له‌سه‌داسه‌د ڕوبه‌ڕوى ئیجرائاتى
ئیدارى و جهزائى ده‌بیته‌وه. له دیموکراسیه غهریبهکانیشدا ئایدۆلۆژى
هه‌یه، دیاره له‌ژیانى ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ئایدۆلۆژى خۆى
پۆلێنبهندیهکى سیاسیه. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها ئایدۆلۆژیهو به‌س، واته
ئایدۆلۆژى ڕه‌سمى نیه. کاتێك به‌دڵت نه‌بوو ڕه‌خنه‌ت کرد، ڕوبه‌ڕوى
ئیجرائاتى ئیدارى و قانونى نابیته‌وه. ده‌وڵه‌تێك که ئایدۆلۆژى ڕه‌سمى
هه‌بێت، ده‌وڵه‌تێکى دیموکراسى نیه. ( بنواڕه - دۆسێى تورکیا ژماره 3ى
ساڵى 2006 ل 101). ئایدۆلۆژى ڕه‌سمى له سیسته‌مى سیاسى تورکیادا زۆر
به‌هێزه‌و به‌باشى بۆته ده‌زگا. ده‌زگاى ئایدۆلۆژى ڕه‌سمى، گرنگترین
ده‌زگاى سیاسى تورکیایه. ته‌نها سیاسه‌ت نییه، به‌ڵکو زانست‌و شێوه
ژیانى هژریش یهکلاییدهکاتهوهو ئاراسته‌ى پێده‌دات ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى
خاوه‌نى ئایدۆلۆژیاى ڕه‌سمیه مه‌حاڵه دیموکراتیزه ببێت. ئایدۆلۆژیاى
ڕه‌سمى له‌لایه‌ن زانکۆکان، ڕاگه‌یاندن، ده‌زگاکانى داد، پارته
سیاسیه‌کان، سهندیکاکانو ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییه‌وه
پشتگیرى ده‌کرێت. ( بنواڕه - دۆسێى تورکیا ژماره 3ى ساڵى 2006 ل 98).
هه‌رچه‌نده ئه‌و هه‌نگاوه‌ى حیزبى کرێکارانى تورکیا پێشتر له لایه‌ن
حیزبى شیوعى عێراقه‌وه نرابوو، به‌ڵام له ڕاستیدا ناکرێ و ناگونجێ
هه‌ڵوێستى حیزبێك که به‌ناوى کۆمۆنیستیه‌وه کار بکات له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونى
کۆمۆنیسته‌کانى جیهاندا جیاواز بێت و بگره له گرنگترین خاڵى باوه‌ڕییدا
که ئه‌ویش هه‌ڵوێستى شۆڕشگێڕانى گه‌لى سه‌رده‌سته‌یه به‌رامبه‌ر به مافى
بڕیارى چاره‌ى خۆنوسینى گه‌لانى بنده‌سته. شۆڕشگێڕانى گه‌لى سه‌رده‌سته
ئه‌گه‌ر داواى به‌دیهێنانى هه‌موو مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى گه‌لى بنده‌سته
نه‌که‌ن شۆفێنین. لێره‌دا نامانه‌وێ هه‌ڵوێستى حیزبى کرێکارانى تورکیا باس
بکه‌ین و بۆ زیاتر ڕوونکردنه‌وه لهههڵوێستى شۆڕشگێڕانى گه‌لى
سه‌رده‌سته (
بنواڕه
په‌یوه‌ندی نێوان گه‌لان
http://web.bitnet.net/khaledalifaraj/main/wlatanokord3.htm)
له 21/3/1971 دا کوده‌تایه‌کى سوپایى ڕویدا و هۆکه‌یان گه‌ڕانده‌وه بۆ
مه‌سه‌له‌ى کورد و سه‌رله‌نوێ حوکمى عورفى به‌سه‌ر ناچهکانى کوردستاندا
سه‌پێنرا و پاشان کرا به ناوچه‌ى کارى سه‌ربازى و ژماره‌یه‌کى زۆر له
ژهندرمهیان نارده ناوچه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌خشه‌یه‌کى نوێیان
هێنایه ئاراوه که بریتى بوو له دامه‌زراندنى کۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى کشتوکاڵى
حکوومى له سه‌ر سنوره هاوبه‌شه‌کانیان له‌گه‌ڵ سوریا و عێراقدا، که ئه‌و
کارمه‌ندانه‌ى کاریان تێدا ده‌کرد له تورکه‌کان بوون و به‌تایبه‌تى
له‌وانه‌ى که له قوبروسه‌وه هه‌ڵهاتبوون.
مه‌به‌ستیش له‌م پرۆژانه دابڕانى کورده‌کانى باکور له کورده‌کانى باشوور
و ڕۆژئاوا بوو. ( بنواڕه - د.گوینته‌ر دێشنه‌ر - کورد گه‌لى له
خشتهبراوى غه‌در لێ کراو – ل 126).
شایه‌نى ووتنه که به‌پێى یاساى بنه‌ڕه‌تى تورکیا" سه‌رباز بۆى نییه
سه‌باره‌ت به‌کێشه سیاسیه‌کان هه‌ڵوێستى خۆى دیارى بکات" به‌ڵام
فه‌رمانده‌ى گشتى ئه‌رکانى سوپاى تورکیا جگه‌له‌وه‌ى که‌له‌سه‌ر هه‌موو
بابه‌تێك قسه ده‌کات، به‌ئاشکرا هه‌وڵى ئاراسته پێدانى داد‌و ڕاگه‌یاندن
ده‌دات. ( بنواڕه - دۆسێى تورکیا ژماره 3ى ساڵى 2006 ل 14). واته
ده‌سه‌ڵاتدارانى تورکیا زۆر جار کێشه‌ى یاساییان بۆ دروست ده‌بێت
که‌له‌گه‌ڵ خواستى هه‌ندێك له سه‌رکرده سه‌ربازییه‌کاندا نه‌بێت و
به‌تایبه‌تى ئه‌و سه‌رکردانه‌ش هه‌ڵوێستى زۆر توندڕه‌ویان هه‌یه له‌باره‌ى
یه‌کپارچه‌یى ووڵات و هه‌ستى تورکایه‌تى.
ئه‌وه‌نده‌ى پێنه‌چوو له ساڵى 1974 دا هه‌ردوو پارتى سه‌لامه‌ى نیشتمانى و
پارتى گه‌لى کۆمار به‌سه‌رکردایه‌تى بلند ئه‌جاوید ههڵبژارندنیان برده‌وه
و به‌مه‌ش ماوه‌ى حوکمى سه‌ربازى دوباره لابراو حکومه‌تێکى مه‌ده‌نى
هاوبه‌شیان پێك هێنا.
کاتێ بڵند ئه‌جاوید سه‌رۆك وه‌زیران بۆ یه‌که‌م جار ووشه‌ى کوردى له‌گه‌ڵ
گۆڤارى دیر شپیل ى ئه‌ڵمانیدا به‌کارهێنا و دانى به بوونى کورددا نا له
تورکیا و ناوى بردن، سه‌رنجى کورده‌کانى بۆ ئه‌م تروسکاییه ڕاکێشا، به‌ڵام
له‌کاتى گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ تورکیا لێى په‌شیمان بوویه‌وه و هیواى
کوردهکانیشى نه‌هێشت بۆ چاوههڵهێنانێکى یاسایى بۆ بوونیان له تورکیادا.
سه‌ره‌ڕاى ده‌ربڕینى بۆچونه‌کانى سه‌رکردایه‌تى نوێ، هه‌ست به که‌موکوڕى
ئه‌وه ده‌کرا که خواستێکى نهێنى و پیلانى تریش له‌پشت ئه‌و
ده‌ربڕینانه‌وه‌یه و ته‌نها پێشکهوتووخوازى نییه که پاڵپێوه‌نه‌رى دان
پیانانى مافه‌سه‌ره‌تاییه‌کانى گه‌لى کورد بێت. به‌تایبه‌تى سه‌رهه‌ڵدانى
حیزبه ئیسلامیه‌که‌ى ئه‌ربه‌کان که ململانێیه‌کى زه‌قى دروست کردبوو
له‌گه‌ڵ عه‌لمانیه‌کاندا و له‌لایه‌کى تریشه‌وه هه‌نگاونان به‌ره‌و
فره‌حیزبى و داواکارى ئیسلامیه‌کان بۆ به‌شدارى کردن له ده‌وڵه‌ت و
ده‌ورگێڕان له سیاسه‌تى ده‌وڵه‌تدا خۆى له خۆیدا گومان دروستکردنه
له‌سه‌ر ووتارى بێ کرده‌وه له‌و ده‌مه‌دا، هه‌ربۆیه ئه‌مه واپێ ده‌چێت
که کاریگه‌رى هه‌بوو بێت له گفت و ووتارى سیاسى ئه‌و ده‌مه‌ى تورکیادا.
تایبه‌تمه‌ندێتى ده‌وڵه‌تى تورکیا له‌وه‌دا نییه که به‌پێى هه‌نگاوه‌کانى
کۆمه‌ڵگا گۆڕانیش به‌سه‌ر حوکمه‌تدا بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى چه‌مکى
به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت له‌ده‌ست توندڕه‌وه‌کانى تورکه
کهمالیستییهکاندایه به‌پێى ئایدۆلۆژیایه‌کى ڕه‌سمى فه‌رمانه‌کان جێبه‌جێ
ده‌که‌ن، واته به‌رنامه‌ى ده‌وڵه‌ت چۆن داڕێژراوه له کۆندا هه‌ر
به‌هه‌مان شێوه پیاده‌ى ده‌که‌ن، هه‌ر گۆڕانێکى سیاسه‌تى ناوخۆ و
ده‌ره‌وه پێویست به‌گۆڕانى به‌رنامه‌ى سیاسه‌تى ده‌وڵه‌ت ده‌کات که وه‌ك
ڕێژه‌یه‌کى نه‌گۆڕ وایه لاى هه‌ندێ له توندڕه‌وه‌کاندا، به‌تایبه‌تى
ده‌رباره‌ى ناوخۆ، چونکه وه‌ك میراتگهرانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى خۆیان به
خاوه‌نى خه‌لافه‌تیش ده‌زانن و نایانه‌وێت ناسنامه‌ى کهمالیستیهت و
ئیسلامیه‌ت له‌ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگا لابده‌ن. هه‌ربۆیه ده‌بینین کاتێك که
لایه‌نى سیاسه‌تى لاوه دڵگه‌رمه‌کان و حیزبه نوێکان ده‌بنه بزوێنه‌رى
گۆڕانکارى به‌ره‌و پێشکه‌وتنى دیموکراسى کۆمه‌ڵگا، ده‌سته‌یه‌کى ناو سوپا
سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و سنورێك بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه داده‌نێن، چه‌ند
جارێکیش به کرده‌وه ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه ته‌نانه‌ت حیزبه
سیاسیهکانیانیشیان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه و بارى نائاساییان
ڕاگه‌یه‌نراوه.
که‌واته ته‌نیا ووتار نییه که بتوانێت کێشه‌ى گه‌لى کورد چاره‌سه‌ر بکات
به‌ڵکو ڕه‌هه‌ندى تریش هه‌یه که کایگه‌رى ته‌واوى به‌سه‌ر ئه‌و
گۆڕانکاریانه‌دا هه‌یه که گه‌لى کورد داواى ده‌کات.
گۆڕنکارییه‌کان به‌په‌له ده‌کران و نه‌ده‌کرا له‌بیر ببرێته‌وه، هه‌ر
بۆیه وه‌ك ڕاستییه‌کیش بۆ گه‌لى کورد ئاشکراتر بوو که ماف تانهسهندرێ
نادرێ.
وه‌ك له سه‌ره‌تادا باسمان کرد، هه‌نگاوه‌کانى کوردستانى باشوور و 11ى
ئازاریش کاریگه‌رى خۆیى هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى گه‌لى کورد له باکوور، و
ده‌بینین له‌ناو ڕۆشنبیره‌کاندا دوو شێوه خه‌بات سه‌رى هه‌ڵدا.
جۆرێکیان داواى به‌شداریکردنى ده‌وڵه‌تیان ده‌کرد له ڕێى یاساى تورکیاوه
بۆ سوود وه‌رگرتن له هه‌نگاوه‌کانى دیموکراتیزه کردنى تورکیا، که
به‌تایبه‌تى خواستى بهرهوچوونى ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وروپا هیواى دابوونێ.
جۆرى دووه‌م له‌و که‌سانه پێك ده‌هات که باوه‌ڕیان به گفت و
به‌ڵینه‌کانى سه‌رکرده و حیزبه سیاسییه تورکه‌کان نه‌بوو، گوایه گه‌لى
کورد ته‌نها له‌ڕێى خه‌باتى خۆیه‌وه ده‌توانێت مافه‌کانى خۆیان بسه‌لمێنن.
له‌م بارودۆخه‌دا چه‌ند ڕێکخراوێکى نهێنى و ئاشکرا ده‌رکه‌تن، که
کاریگهریترینیان له‌سه‌ر مه‌یدانى خه‌باتى کوردستان پارتى کرێکارانى
کوردستان بوو.
|