|
ئه‌گه‌ر بێت و ئهماشاى مێژوو بکه‌ین، به‌تایبه‌تى مێژووى سه‌رده‌مى
ده‌وڵه‌تى سه‌لجوقى و پاشان سه‌رده‌مى عوسمانیه‌کان له‌ناوچه‌کانى سوریا‌و
ئێران و عێراق، یان مێژووى هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى مه‌روانى و ئه‌یوبى و
هۆزه‌کانى ئارتۆق ئۆغوللار و قه‌ره‌قۆیونلارو ئاق قۆیۆنلولار، ده‌بینین
چینه سه‌رده‌سته‌کانى کورد و تورك له‌سه‌ر بنه‌ماى پێکهاتن و ته‌بایى
به‌ڕێوه ده‌چوون نه‌ك ململانێ و شه‌ڕ، تێکه‌ڵى گه‌لان سه‌رى هه‌ڵدا کوردى
تورکیا و تورکى کوردستان هاته‌گۆڕێ.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌توانرێت ڕوونترین نموونه‌ى پێکه‌وه ژیانى کورد و تورك
له‌سه‌رده‌مى سوڵتان یاووزدا ببینرێت. به‌ڕاده‌یه‌کى وا سه‌ربارى
داخوازییه به‌رده‌وامه‌کانى سوڵتان یاووزدا بۆ دروست کردنى ده‌وڵه‌تى
کوردى له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه، که‌چى زۆربه‌ى به‌گه کورده‌کان ده‌وڵه‌تى
سه‌ربه‌خۆ ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌و، وایان پێ باشه له ژێر سایه‌ى یه‌ك
ده‌وڵه‌تدا بژین و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کى وایان ده‌وێت که سوڵتان حاکمێکى
بۆ دابنێت. ئه‌مه‌ش وا مه‌زه‌نه ده‌که‌ن که له به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوولا
دایه. ئه‌م نزیکبوونه ڕۆڵێکى کاریگه‌رى بینى له‌سه‌رکه‌وتنى
عوسمانییه‌کان به‌سه‌ر سه‌فه‌وییه‌کاندا له شه‌ڕى چاڵدێراندا له لایه‌ك و
سه‌رکه‌وتنیان به‌سه‌ر مهمالیکهکانى عه‌ره‌ب له شه‌ڕه‌کانى ( ریدانیة و
مرج دابق ) دا له‌لایه‌کى تره‌وه. به‌م شێوه‌یه کۆمه‌ڵگاى کورده‌وارى
به‌رده‌وام ده‌بێت تا سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌م.
شایه‌نى گووتنه ئه‌م په‌یوه‌ندیانه له‌سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مه‌وه
هاوسهنگییهکهى تێکده‌چێت و نامێنێت، هۆکارى سه‌ره‌کیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
هاتن و سه‌رهه‌ڵدانى ڕۆژئاواییه‌کان و پاشه‌کشه‌ى عوسمانییه‌کان
له‌به‌رده‌میاندا به‌تایبه‌تى چاوچنۆکیهتى سه‌رمایه‌داریى به‌ریتانى
به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و داخوازییه هه‌میشه‌ییه‌کانى ده‌وڵه‌ت له
زیادکردنى باج و خه‌رجى و به‌زۆر کردنى خه‌ڵك به سه‌رباز، لێره‌وه
سه‌رده‌مى ناڕه‌زایى و شۆڕشه‌کان ده‌ست پێده‌کات. .( بنواڕه عه‌بدوڵڵا
ئۆجه‌لان - مانیفێستۆى چاره‌سه‌رى دیموکراتییانه بۆ کێشه‌ى کورد – ل 14).
هه‌رچه‌نده ڕاپه‌ڕین و شۆڕشى جیاجیا سه‌رى هه‌ڵداوه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنى
به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه و هه‌نگاوى جیاخوازى تیا به‌دى ناکرێ، ئه‌وه‌یش
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆیه‌ك، له‌لایه‌که‌وه سه‌رهه‌ڵنه‌دانى قۆناغى
سه‌رمایه‌داریى له ناو چینه‌کانى کوردستاندا و له‌لایه‌کى تره‌وه
زۆرینه‌ى گه‌ل ته‌نها بۆ پێداویستییه‌کانى ڕۆژانه‌ى خۆیان به‌شدارى ئه‌و
شۆڕشانه‌یان کردووه که زیاتر به‌ویستى چه‌ند ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆك
خێڵ و شێخێکه‌وه که‌ئه‌مانیش زیاتر له هه‌وڵى وهدهستخستن و پاراستنى
به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانى خۆیان یان خێڵهکهیاندا ڕاپه‌ڕیوون، و
له‌ژێر په‌رده‌ى جیاجیادا خه‌ڵکیان له خۆیان کۆکردۆته‌وه.
هه‌روه‌ك هه‌ستى ئایینى کاریگه‌رى خۆیى هه‌بووه و گه‌لى کوردى هه‌میشه
کردووه به دوو به‌شه‌وه که به‌شێکیان ههڵخهڵهتێنراوى
سه‌رده‌سته‌کانیان بوون که عوسمانى و سهفهویهکانن. هه‌روه‌ك سه‌رده‌مى
دهرهبهگایهتییهکى پاشکۆ بووه که ڕێگرى یه‌کگرتنى گه‌ل و
سه‌رهه‌ڵدانى ئاواتى به‌کۆمه‌ڵ بووه و هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى له‌ناو گه‌لى
کوردا نه‌بووه به‌و مانایه‌ى که ئێستا هه‌یه. له‌مباره‌یه‌وه جه‌لال
تاله‌بانى نوسیویهتى: هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى هه‌ستکردنى تاکه به ئینتیما
کردنى بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ى، به‌سوده بۆى و خۆشه‌ویستى هه‌یه بۆ نیشتمان و
گه‌ل و شانازى به سهربهرزیهکانیهوه ده‌کات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان
ده‌پارێزێت، تێده‌کۆشێت بۆ ڕزگارکردنى نیشتمانه‌که‌ى له ژێرده‌سته‌یى
بێگانه و به‌دیهێنانى ئاواته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که جیاوازى چین و
توێژه‌کانى گه‌ل ده‌یگۆڕێ و پێشڕه‌ویان ده‌کا. هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى له
سه‌رهه‌ڵدان و دروست بوونێکى مێژوویه‌وه ڕه‌نگده‌داته‌وه له سه‌ر گه‌ل
به‌پێى بارودۆخێکى تایبه‌ت به خۆیان.( بنواڕه - جلال تاله‌بانى –
کوردستان و الحرکة القومیة الکردیة – طبعة الثانیة – بیروت – ص 68).
واته له سه‌ده کۆنه‌کاندا بزوتنه‌وه‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یى کورد نه‌بووه و
ئه‌گه‌ر ههلیشى بۆ ڕه‌خسا بێت بۆ سه‌رهه‌ڵدانى چه‌ند کیانێکى که‌م ده‌ستى
کورت سنوور هه‌سته ئاینییه‌که واى لێ کردوون که له هه‌موو
ته‌نگانه‌یه‌کدا په‌نا بۆ سه‌رده‌سته‌کانى خۆیان ببه‌ن ده‌مێك بۆلاى
عوسمانیه‌کان و ده‌مێکى تر بۆ لاى سه‌فه‌وییه‌کان. بۆ هه‌ندێکیش وابووه
که بهجیابوونهوهیان له‌ده‌وڵه‌ته سه‌رده‌سته‌که‌یان گێرمه‌و کێشه‌یان
بۆ زیاد ده‌بێت و به وویست و ترسێکى نادیاره‌وه په‌نایان بۆ لایه‌نى
ده‌سه‌ڵاتداره‌کانى تر بردووه که ئه‌وانیش له خه‌ڵه‌تاندنى هۆزه
کورده‌کاندا درێخیان نه‌کردووه.
بۆ یه‌که‌م جار له ساڵى 1514 دا سوڵتان سه‌لیمى عوسمانى سیاسه‌تێکى
ههڵخهڵهتێنرانهى به‌کار هێنا بۆ ڕاکێشانى کورده‌کان به‌لاى خۆیدا به
به‌کارهێنانى هه‌ستى ئایینى که مه‌لا ئیدریسى نارده لاى کورده‌کان و
ده‌گه‌ڕا به‌سه‌ر گوندنشینه‌کان و په‌یوه‌ندى ده‌کرد به
سه‌رکرده‌کانیانه‌وه و به‌هه‌ستى ئایینى فریوى ده‌دان بو چوونه ژێر
سایه‌ى سوڵتانه‌وه که دان ده‌نێ به سه‌ربه‌خۆیى ئیماره‌ته کورده‌کاندا،
به‌م شێوه‌یه له مانگى یانزه‌ى 1515
دا ئیماره‌ته سه‌ربه‌خۆکه‌ى کورد خرایه ژێر سایه‌ى سوڵتانه‌وه و که
پاشان هه‌موو سیمایه‌کى سه‌ربه‌خۆیى لێ دابڕى. ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌ر گرتنانه
یه‌که‌م جار به خه‌ڵه‌تاندن و پاشان به‌زۆر دووباره ده‌کرایه‌وه تا
عوسمانیه‌کان و سه‌فه‌وییه‌کانیش نه‌مان گه‌لى کورد گیرۆده‌ى ئه‌و به‌زم و
بالۆره‌یه ده‌کرا.
له گه‌ڵ هاتنى مسته‌فا که‌مالدا خواستى ئه‌وه‌ى ده‌رخست بۆ نه‌ته‌وه
په‌رسته‌کانى تورك که هه‌نگاوى نوێ ده‌نرێت به‌ره‌و ڕۆژئاواییه‌کان و
پاراستنى خاکى تورکیا، به‌مه‌ش هیوایه‌کى زۆرى دایه نه‌ته‌وه
په‌رسته‌کانى تورك و هه‌نگاوى یه‌که‌میش په‌شیمان بوونه‌وه بوو له‌و
په‌یمانانه‌ى که به گه‌لى کورد درا بوون، له‌وانه مسته‌فا که‌مال که
له‌ساڵى 1920دا له بارى سه‌ربازییه‌وه بارودۆخى باش نه‌بوو، په‌یمانێکى
له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا به‌ست، که به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه کوردییه‌کان،
ته‌نانه‌ت په‌یمانى دا که هه‌ر که سوپاى یۆنان ئاودیوى سنورى تورکیا کرا
و په‌یمانى ئاشتى به‌سترا دان به هه‌مان ئه‌و مافانه‌دا بنێ که په‌یمانى
سیڤهڕ دانى پێدا نابوون و بڕیاره‌کانى په‌یمانى سیڤه‌ر له‌مه‌ڕ کوردان
جێبه‌جێ بکات. ( کریس کۆچێرا - کورد له سه‌ده‌ى نۆزده‌و بیست دا -
و،حه‌مه که‌ریم عارف - ل 46).
به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى نه‌برد و هه‌رکه ترسى له‌سه‌ر نه‌ما ڕاسته‌وخۆ که‌وته
گیان و ماڵى کورد و ڕاگواستن و له‌سێداره‌دانیان، له‌گه‌ڵ
هاوپه‌یمانه‌کانیشدا په‌یمانێکى مۆر کرد به‌ناوى لۆزانه‌وه که
له‌باربردنى په‌یمانى سیڤهریشى له‌گه‌ڵدا بوو ئیتر لێره‌وه
نه‌هامه‌تیه‌کانى گه‌لى کورد ده‌ستى پێ‌کرد.
هه‌رچه‌نده هه‌ندێ له کورده‌کانیش بۆ پشتیوانى په‌یدا کردن به‌ره‌و
ڕۆژئاواییه‌کان هه‌نگاویان نا به‌ڵام ئه‌و گرنگییه‌ى پێ نه‌درا، له‌به‌ر
چه‌ند هۆیه‌ك له‌وانه نه‌بوونى یه‌ك ڕیزى و یه‌ك ده‌نگى له‌نێو سه‌رکرده
کورده‌کاندا که هه‌ریه‌که‌یان خۆیان به گه‌وره‌ى ناوچه‌که‌ى داده‌نا و
له‌لایه‌کى تره‌وه ئاسانکارى له لایه‌ن دوژمنانى ده‌وڵه‌تى کوردییه‌وه
بۆ ڕۆژئاواییه‌کان و نۆکهرایهتیهکى گونجاوتر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان،
ڕۆژئاواییه‌کانیش زیاتر بۆ لاى گه‌لانى تورك و عه‌ره‌ب و فارس هه‌نگاویان
ده‌نا.
ئه‌مین عالى به‌درخان له یاداشتێکیدا بۆ کۆمیسه‌رى باڵاى فه‌ره‌نسا له
قوسته‌نته‌نییه ده‌ڵێت: ( ئێمه ده‌سه‌ڵاتێکى زۆرمان له کوردستاندا
هه‌یه، به‌تایبه‌تى له شوێنانه‌دا که که‌وتوونه‌ته به‌ر سایه و
زیرهڤانى فه‌ره‌نسه، جا ده‌وڵه‌تى ئێوه ده‌توانێ بۆ مه‌به‌ستى خۆى که
بریتیه له دابینکردنى ئاشتى و خۆشگوزه‌رانى ئه‌و ناوچانه‌ى که‌وتونه‌ته
سایه‌یه‌وه، سوود له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێمه وه‌ربگرێ.( کریس کۆچێرا - کورد
له سه‌ده‌ى نۆزده‌و بیست دا - و،حه‌مه که‌ریم عارف - ل 38).
مسته‌فا که‌مال له ڕۆژى3/3/1924 دا خه‌لافه‌تى هه‌ڵوه‌شانده‌وه و کۆمارى
تورکیاى ڕاگه‌یاند به‌مه‌ش ئه‌و په‌یوه‌ندیه دێرینییهى که کوردى به
خه‌لافه‌ت و ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه به‌ستبویه‌وه پچڕا و له‌لایه‌کى
تریشه‌وه گه‌لى کورد دره‌نگى پێ که‌وت بۆ ئه‌وه‌ى له دابه‌شکردنى پیراتى
عوسمانییه‌کاندا سودێکى لێ ببینێت و سه‌رگه‌ردانى ماڵى کوردى گرته‌وه.
کوردستانى تورکیا له ساڵى 1921 ه‌وه به‌کرده‌وه له شۆڕشى به‌رده‌وامدا
بوو، به‌ڵام شتێکى ئه‌وتۆ له‌مه‌ڕ ئه‌م شۆڕشانه تا ڕاده‌یه‌ک شاردراوه‌ن و
ته‌نیا ناوى شۆڕشه‌که‌ى شێخ سه‌عید ساڵى(1925) و شۆڕشى ئارارات (1930) و
شۆڕشى ده‌رسیم (1930) ئاشکرا کراوه و تورکه‌کان به زۆر شێوه له هه‌وڵى
ئه‌وه‌دا بوون که هه‌واڵى شۆڕشه‌کانى کورد سه‌رنگوم بکه‌ن.
بۆ نمونه کاتێ تورکه‌کان شۆڕشى شێخ سه‌عیدیان سه‌رکوت کرد کردیانه
بیانوویه‌کیش بۆ هه‌موو نه‌یارانى کۆماره نوێکه‌یان و هه‌رچى سه‌رکرده
ناوداره‌کانى کورد هه‌بوون له‌ناوى بردن به بێ ئه‌وه‌ى بزانرێت
په‌یوه‌ندیان به شێخه‌وه هه‌یه یان به ڕێکخراوه‌کانى تره‌وه وه‌ك
حیزبى ته‌عالى کورستان ، که ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى تیا به‌دى ده‌کرێ که شێخ
سه‌عید به‌هۆى باوه‌ڕى ئایینى ئیسلامه‌وه و نه‌مانى خه‌لافه‌ته‌وه
به‌شدارى شۆڕشى کردبێت یان به‌هۆى هه‌وڵى ئازادیخوازانه‌ى نه‌ته‌وه‌یى
پاڵپێوه‌نه‌رى بووبێت.
به‌تایبه‌تى شێخ سه‌عید بێ ئه‌وه‌ى سڵ بکاته‌وه یان گومانێکى لێ بکرێ له
سه‌رانسه‌رى ناوچه‌که‌دا که‌وته بانگه‌شه و داواى ده‌کرد له
گوندنشینه‌کان و وه‌رزێرانى کورد که یه‌کگرن و به‌شدارى جیهاد بکه‌ن دژى
کافرانى ئه‌نقه‌ره و هه‌ر له‌په‌ناى ئه‌وه‌شدا داواى لێده‌کردن که
له‌پێناوى "ئۆتۆنۆمى کوردستان" یشدا ڕاپه‌ڕن، یان کاتى شۆڕشه‌که که‌سانى
تر‌ى نه‌ته‌وه‌یى له‌گه‌ڵ شێخ دا بهئاقارێکى تر خوازیار بوون.
هه‌ر به‌و بیانووه وه هه‌موو ئه‌و که‌سایه‌تیه نه‌ته‌وه‌ییه کوردانه‌ى
که له بزوتنه‌وه‌کانى ساڵى 1919 دا به‌شداریان کردبوو، یان له‌به‌ر
ئه‌وه‌ى وه‌کو ڕێبه‌رانى بزاڤى نه‌ته‌وه‌یى کورد ناوبانگیان هه‌بوو، گیران
و له سێداره دران. (کریس کۆچێرا - کورد له سه‌ده‌ى نۆزده‌و بیست دا -
و،حه‌مه که‌ریم عارف – ل 97). له ساڵانى 1930 به‌دواوه تورکیا که‌وته
سیاسه‌تێکى نوێ ئه‌ویش ڕاگواستنى کورده‌کانى ئهنهزول و ویلایه‌ته‌کانى
ڕۆژهه‌ڵاته‌وه به‌ره‌و ڕۆژئاواى تورکیا و گرتنه به‌رى سیاسه‌تێکى توند بۆ
له‌ناو بردنى گه‌لى کورد.
له ساڵى 1934 دا بۆ به‌یاسایى کردنى
ڕاگوێزانهکه یاسایه‌کى تایبه‌تیان ده‌رکرد که به هۆیه‌وه هه‌ر که‌سێك
که زمانى زگماکى تورکى نه‌بێت، ده‌شێ له‌به‌ر هۆکارى سه‌ربازى یان سیاسى
یان که‌لتورى یان ئه‌منى، ڕابگوێزرێ بۆ ناوچه‌ى تر ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى
ناوخۆ واى دانا که‌ئه‌م ڕاگواستنه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ووڵات کارێکى
پێویسته. ( بنواڕه - گۆفارى سه‌نته‌رى لێکۆڵینه‌وه‌ى ستراتیجى ژ 47 – ل
23)
هه‌رچه‌نده پێشتریش ئه‌مه‌یان کردبوو و هه‌ر له‌گه‌ڵ کۆتایى جه‌نگى
جیهانیدا چه‌ند یاسا‌و فه‌رمانێکیان ده‌رکرد بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ى گه‌لى کورد
به ناو گونده تورکه‌کاندا به‌مه‌رجێک ڕێژه‌یان له هیچ شوێنێك له %5 تا
له %10 ى دانیشتوانى ناوچه‌که تێپه‌ڕ نه‌کات و توانییان به‌زۆرى چه‌ك
ده‌وروبه‌رى 700 هه‌زار که‌س له کوردستان دووربخه‌نه‌وه که پتر له
نیوه‌یان له ڕێدا له برسا مردن یان سه‌رما ڕه‌ق بوونه‌وه یان به
نه‌خۆشى له‌ناوچون ( بنواڕه - د.که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د – کوردستان له
ساڵه‌کانى شه‌ڕى یه‌که‌مى جیهاندا – ل83).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سیاسه‌تێکى تایبه‌تییان به‌کارهێنا بۆ هێشتنه‌وه‌ى
ناوچه کورد نشینه‌کان به‌بێ خزمه‌تگوزارى و بهدواکهوتوویى و هه‌رچى
سیماى شارستانى پێوه ده‌رده‌که‌وێت نه‌یانهێشت بگاته ناوچه
کوردنشینه‌کان به مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى که گوایه چه‌ند ئه‌و ناوچانه
دواکه‌وتوو بن ئه‌وه‌نده هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى کهمدهکاو هه‌ستى جیاخوازى
نامێنێت و په‌یوه‌ندى زیاتریان به ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده تورکیه‌کانه‌وه
په‌یدا ده‌که‌ن، هه‌ربۆیه تاسهرهتاى هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى پێشوو هیچ
گۆڕانکاریه‌کى سیاسى و بزوتنه‌وه‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یى به‌دى ناکرێت له‌ناو
گه‌لى کوردستانى باکوردا.
ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته کاریگه‌رى له‌سه‌ر نه‌وه‌ى نوێى تورك هه‌بوو و هه‌موو
پارته سیاسیه تورکه‌کانیش له پهیڕووپرۆگرامیشدا ناوى گه‌لى کوردیان
نه‌بردوه و به‌هه‌موو تواناوه دژى جیاخوازیهکانى ناو نه‌ژاد و که‌لتورى
گه‌لى تورکیان.
به‌هه‌مان شێوه، پاش یه‌که‌م کوده‌تاى سوپا له‌ساڵى 1960 دا، جه‌نه‌راڵ
گورسیل ڕابه‌رى تازه‌ى تورکیا له‌لێدوانێکدا بۆ رۆژنامه‌یه‌کى سویدى
سه‌باره‌ت به کورد ووتى: ئه‌گه‌ر ئه‌و چیایى یانه بۆ خۆیان به‌ئارام
دانه‌نیشن، سوپا هیچ کهمتهرخهمىیهك ناکات له لێدانى شار‌و
گونده‌کانیان.
ته‌نانه‌ت چه‌په مارکسیه‌کانیش دیدێکى دۆستانه‌یان بۆ مه‌سه‌له‌ى
نه‌ته‌وه‌ى کورد نه‌بووه له‌م ڕووه‌وه محه‌مه‌د عه‌لى بایار، سه‌رۆکى
پارتى کرێکارانى تورکیا له‌ساڵى 1967 دا له کۆنفرهنسێکى نێوده‌وڵه‌تیدا
له ستۆکهۆڵم ڕایگه‌یاند که "مه‌سه‌له‌ى کورد له تورکیا نیه" (بنواڕه
- گۆفارى سه‌نته‌رى لێکۆڵینه‌وه‌ى ستراتیجى ژ 47 – ل 25).
|