|
سه‌رهه‌ڵدان و چالاککردنى ئه‌و هه‌سته موسوڵمانێتیه له ناو کوردستاندا،
به‌شێوه‌یه‌کى پچڕ پچڕى ڕه‌وتى مێژوو به‌بێ هۆ نییه که وه‌ك مه‌د و جه‌زر
وابووه، هه‌ر کاتێك گه‌لى سه‌رده‌سته‌ى به‌شێك له کوردستان تووشى هه‌ڵدێر
و جۆرێك له جۆره‌کانى لووتشکاندن هاتبێت، یان هۆکارى تایبه‌ت
سه‌ریهه‌ڵدابێت نمونه‌ى شۆڕشى ئێرانى ئیسلامى یان نه‌مانى شه‌رعیه‌تى
ده‌وڵه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلامى چالاك، ئه‌م دیارده‌یه گوڕێکى نوێى
دراوه‌تێ و هه‌ر له‌وێشه‌وه پرشى گه‌یشتۆته کوردستان، واته
سه‌رچاوه‌یه‌کى ده‌ره‌کى له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردستان هه‌وێنى بووه و ئه‌و
کاریگه‌ریانه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ست بزوێنه‌ر بووه که له‌گه‌ڵ ڕه‌گوڕیشه‌ى
مێژووى ناوچه‌که‌ماندا تێکه‌ڵ کراوه و کراوه‌ته پێوانه‌یه‌کى باوه‌ڕهێنان
به ئیسلام یان لایه‌نگرى دژه ئیسلام، هه‌ربۆیه زۆر جار کلپه‌و
کاردانه‌وه‌ى ناوچه‌یشى پێوه به‌ستراوه‌ته‌وه، زۆر ڕه‌وایه که ئێمه‌ى
کورد به ئاسانى هه‌ست به‌و مه‌دو جه‌زره بکه‌ین، چونکه هه‌چه‌نده ئێمه
به شێوه‌یه‌کى دانه‌بڕاو له‌شۆڕشدا بووین بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه
نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان که‌چى له‌سه‌ر هه‌ڵدانى ئه‌و کڵپه ئایینیه‌دا
ڕاسته‌وخۆ هه‌وڵدراوه شۆڕشى نه‌ته‌وه‌که‌مانى پێوه ببه‌ستنه‌وه و خۆڵیان
کردۆته چاوى هه‌ندێك و گه‌ڕاندنه‌وه بۆ ئیسلام کراوه‌ته دروشمى خه‌بات
بۆ لایه‌نێکى سیاسى که هه‌ر به خێرایى ته‌شه‌نه‌ى کردووه به هۆى
باوه‌ڕى زۆرینه‌ى گه‌لى کورد به ئیسلام و ئه‌و بزووتنه‌وانه توانیویانه
شوێنى خۆیان بکه‌نه‌وه که وه‌ك تیۆر و ئایدۆلۆژیا جیاواز بوون له شۆڕشى
نه‌ته‌وه‌یى که ئه‌رکى هه‌نووکه‌ى گه‌له‌که‌یه، به‌م شێوه‌یه قۆناغى
شۆڕشى گه‌ل بۆ ئازادى نه‌ته‌وه‌یى شێوێنراوه و ناکۆکى کراوه‌ته ژیانى
ڕۆژانه‌ى سیاسیمان و ماناى شۆڕش و کاردانه‌وه‌ى لاى هه‌ندێ که‌س گۆڕیوه،
کاتێکیش هێرشى سه‌رکوتکه‌رانه‌ى داگیرکه‌ران بۆ سه‌ر گه‌له‌که‌مان
خه‌ستکراوه‌ته‌وه ڕه‌ش و سپى به‌یه‌که‌وه سووتێنراوه و موسوڵمانانى
کوردیشى به‌هه‌مان شێوه‌ى نه‌ته‌وه‌ییه‌کان گرتۆته‌وه، لێره‌وه به‌شدار
کراون له خه‌باتى ڕه‌واى گه‌ل و نیشتیمان‌دا، به‌ڵام به‌هۆى جیاوازى
بیرکردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا گه‌ڕاوونه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ر
کردن به شێوازى ئایینى و دووباره هێڵێکى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ تاکه‌کانى
ناو گه‌لى سه‌رده‌سته‌دا پێك هێناوه‌ته‌وه، که ئه‌مه‌ش پته‌وى باوه‌ڕى
موسوڵمانانى کورده زیاتر له نه‌ته‌وه‌کانى تر، به‌و ڕوانگه‌یه‌ى که
موسوڵمانان پشتیوانى یه‌ك و براى یه‌کن، به‌ڵام بوونى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى
به‌تایبه‌تى لاى گه‌لى عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت له‌ناو ئیسلامیه
چالاکه‌کانیشدا سنوورێکى بۆ هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى لاى موسوڵمانه کورده‌کان
داناوه، که ئه‌مه‌ش ڕێخۆشکه‌رى کۆمه‌ڵێك بووه بۆ به‌ده‌ستهێنانى
مه‌به‌ستى سیاسى.
ئه‌مه هه‌ر له کاتى ده‌وڵه‌تى عوسمانیه‌وه هه‌بووه، هه‌ر ئه‌و هه‌سته
بوو که به‌کار هێنرا بۆ شه‌ڕ پێکردنى کورده‌کان له‌گه‌ڵ دژه‌کانى
ده‌وڵه‌تى عوسمانی‌دا له به‌لقان و شوێنه‌کانى تر، له‌شۆڕشى بیستیشدا هه‌ر
ئه‌و هه‌سته بوو پاڵپێوه‌نه‌رى شێخ مه‌حمود بوو دژایه‌تى ئینگلیزه‌کان
بکات له ناو خاکى عه‌ره‌بدا و بگاته به‌سره بۆ دژایه‌تى له‌شکرى کوفر،
واته کراوه‌ته بیانوویه‌کى هه‌میشه‌یى بۆ به‌کارهێنانى گه‌لى کوردى
موسوڵمان له به‌رژه‌وه‌ندى ئایینى ئیسلامدا به‌بێ پاداشت، له‌هه‌مان کاتدا
ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یانه‌ى که به سه‌رده‌سته‌ى گه‌لى کورد ده‌ژمێردرێن
له‌و ڕووه‌وه هانده‌ر بوون و له‌ناو خۆیشیاندا هاوکار بوون به مه‌به‌ست
یان بێ مه‌به‌ست، هه‌روه‌ك ده‌بینین کاتێ شۆڕشى ئێرانى ئیسلامى سه‌ریهه‌ڵدا
ڕاسته‌وخۆ ڕێکخراوى ئیخوانى میسرى به‌مه‌به‌ستى نزیکبوونه‌وه له سه‌رانى
شۆڕشى ئێران په‌یوه‌ندیان پێوه کردن و ئێرانیش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه که‌مال
خه‌رازى کرده نوێنه‌رى خۆى بۆ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیخواندا و له مانگى
حه‌وتى 1979دا نوێنه‌رانى ئیخوان سه‌ردانى ئێرانیان کرد که پێکهاتبوون له
عه‌بدولڕه‌حمان خه‌لیفه و جابر ڕزق و عه‌بدوڵا سوله‌یمان عقیل و چه‌ند
که‌سێکى تر، ئیخوان له‌مه‌دا به‌هه‌ڵه‌دا چوبوو و هه‌ستى به‌و جیاوازیه
گه‌وره‌ى نێوان ئێرانچێتى شیعه مه‌زهه‌ب و عه‌ره‌بچێتى سوونه مه‌زهه‌ب
نه‌ده‌کرد، پاشان که ئه‌مه‌یان بۆ ده‌رکه‌وت و ململانێى نێوان شیعه و
سوننه ئه‌مانیشى گرته‌وه و له‌ساڵى 1984دا لیژنه‌یه‌کى پێکهێنا بۆ
ئه‌وه‌ى که بتوانن کاریگه‌رى له‌سه‌ر موسوڵمانانى ئێران بکه‌ن
به‌مه‌به‌ستى ته‌شه‌نه کردنى مه‌زهه‌بى سوننه له ئێران، به‌لام گرنگه
لێره‌دا ئه‌وه بزانین که به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوکیان له‌وه‌دایه
مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه لابه‌لاکان سه‌رهه‌ڵنه‌دا، هه‌ربۆیه هه‌وڵ بدرێ ئه‌و
هه‌سته گه‌رمه‌ى له‌ناو کۆمه‌ڵگایه‌کى وه‌کو کوردستاندا هه‌یه بۆ خه‌بات
ده‌توانن سوودى لێ وه‌ربگرن و به‌لاى خۆیاندا ڕایبکێشن، ئێران هه‌ر
له‌سه‌ره‌تاوه هه‌نگاوى بۆ ناو هه‌ندێ ئه‌نجامیشى هه‌بوو، ئیخوانیش
به‌لایه‌وه گرنگ بوو که پێگه‌ى خۆى له‌ناو جه‌ماوه‌رى موسوڵمانى
کوردستاندا بکاته‌وه و گرنگه که بزووتنه‌وه‌یه‌کى ئیسلامى بکرێته
ئامانج که له‌هه‌ستى یه‌کتاپه‌رستى زیاتر هیچ ستراتیژیه‌کى تر نه‌که‌نه
فه‌لسه‌فه‌ى خه‌بات و چاکسازى له‌تاکه‌وه بکرێت به‌ره‌و کۆمه‌ڵگا.
به‌لاى منه‌وه لێره‌دا گرنگه که باسى ئه‌و جێگۆڕکێ فه‌لسه‌فیه بکه‌ین
که له فه‌لسه‌فه‌ى ئیخواندا هه‌یه، به پێى ئایینى ئیسلامى پیرۆز خواى
گه‌وره له قورئاندا ده‌فه‌رموێ(
يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوباً وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌٌ)
(حجرات 13)
واته ئێمه
ئێوه‌مان دروست کردووه له نێر و مێ و پاشان گه‌ل و هۆزمان لێ پێکهێناون
بۆ ئه‌وه‌ى له‌یه‌کتر نزیك ببنه‌وه و یه‌کتر بناسن و به‌رزترین پله‌شتان
لاى خوا گوێرایه‌ڵى و خواپه‌رستیه‌کانتانه.
به‌پێى ئه‌م ئایه‌ته پێویسته سێ خاڵ ئاشکرا بکه‌ین و باوه‌ڕیشمان پێى
هه‌بێت، یه‌که‌م ئێمه دروست کراوین له نێر و مێ و مرۆڤ له‌وه زیاتر نیه
و پێویسته هه‌موو مافێکى بدرێتێ و ڕێزى لێبگیرێت بۆ ئه‌وه‌ى که‌سێکى
گونجاوى ناو کۆمه‌ڵگا بێت، پاشان له‌م ئایه‌ته‌دا گه‌ل و هۆز
جیاکراوه‌ته‌وه که پێویسته فه‌رامۆشى نه‌که‌ین و مافى خۆى بده‌ینێ که
بتوانێت له دوا ڕۆژدا و به‌ویستى خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌ل و هۆزانه‌ى
بۆیان ده‌گونجێت نزیک بکه‌ونه‌وه که باشترین شێوه‌ى نزیکبوونه‌وه‌ش
یه‌کگرتنى خۆویستیه و لێره‌دا مه‌به‌ست له به‌کارهێنانى زۆردارى نییه بۆ
نزیکبوونه‌وه واته به‌زۆر لکاندنى گه‌لانى تر ناگه‌یه‌نێت، هه‌ربۆیه
مافى گه‌لان له دیارى کردنى چاره‌نوسیاندا مافێکى شه‌رعى و ڕه‌واى هه‌موو
گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌که به‌پێى ئایینى ئیسلام، پاش به‌دیهێنانى ئه‌و مافه
و نزیکبوونه‌وه‌ى گه‌لان چاکسازى نێوان مرۆڤه‌کان بکرێت و دادپه‌روه‌رى
به‌ڕێوه بچێت بۆ ڕێگا خۆشکردنى خواپه‌رستى و گوێڕایه‌ڵى مرۆڤ بۆ خواى خۆى
و به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌یان لاى خواى گه‌وره که سزا‌و پاداشتى لایه.
که‌واته پێش ئه‌وه‌ى چاکسازى بکرێت پێویسته نه‌ته‌وه‌کان بوونیان هه‌بێت
و مافى ئازادیان لێ زه‌وت نه‌کرابێت و ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى و شه‌رعى
خۆیانیان هه‌بێت که تواناى بڕیارى نزیکبوونه‌وه‌ى به‌ده‌ست بێت به
شێوه‌یه‌کى خۆویستیانه، هه‌ر ڕێکخراو و بزوتنه‌وه‌یه‌کى چالاکى ئیسلامیش
بێته گۆڕێ چ له ناوه‌وه یان ده‌ره‌وه پێویسته بۆ به‌دى هێنانى ئه‌م
ئامانجانه هه‌وڵ بدات، ده‌نا که‌مته‌رخه‌مى نیشانده‌دا و ڕێگرى
نزیکبوونه‌وه‌ى مرۆڤه بۆ خواپه‌رستى و چاکسازى ناو کۆمه‌ڵگا، کاتێکیش
ده‌وڵه‌تێکى شه‌رعى نه‌بێت به‌و پێیه‌ى باسمان کرد خوازیارى کۆمه‌ڵگا نابێت
و دژایه‌تى بۆ دروست ده‌بێت، که‌ئه‌گه‌ر پێوانه‌کانى جیهادى تیا نه‌بوو
ده‌کرێته لاده‌رانى ئایین و له‌مه‌شه‌وه هۆکارى سه‌ره‌کى و تاوانه‌کانى
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌سانى چالاکى ئیسلامى، هه‌ربۆیه پێویسته چالاکى
ئیسلامى پێش هه‌موو شتێك دان بنێت به مافى گه‌لان و هه‌وڵى ئازادى
ته‌واویان بدات و بێگومان هه‌ست کردن به ئازادیش ته‌نها له ناو خودى
کۆمه‌ڵگاکه‌وه دیارى ده‌کرێت و پێناسه‌ى ئازادیش وه‌ك پێشتر ووتمان ته‌نها
لابردنى هه‌موو ڕێگره‌کانیه‌تى، که‌واته سه‌رهه‌ڵداى هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ك
له ناوچه‌یه‌کدا پێویسته هه‌ڵقوڵاوى ناو کۆمه‌ڵگاکه بێت و به‌دوور بێت
له کاریگه‌رى ده‌ره‌وه له دروست بوونیدا و ته‌نها ئه‌رکێکى سه‌رشانى
موسوڵمانانى ده‌ره‌وه پشتیوانى کردنى ئه‌و بزووتنه‌وانه بێت نه‌ك دیارى
کردنى جۆرى ئازادى بۆیان.
به‌م پێیه ده‌توانین شه‌رعیه‌تى ئه‌و بزووتنه‌وانه دیارى بکه‌ین که
ئێستا له‌کوردستاندا بوونیان هه‌یه و چالاکى موسوڵمانانیش بۆ ڕابوونى
ئیسلامى ئه‌رکى خۆى پێ ده‌سپێردرێت، ناتوانین ڕابوونى ئیسلامى و ئیسلامى
چالاك له نێوان گه‌لێکى وه‌ك کورد و گه‌لێکى وه‌ك فارس یان عه‌ره‌ب
به‌یه‌ك چاو سه‌یر بکه‌ین، تاهاوسه‌نگى هه‌موو لایه‌نه‌کانیان وه‌ك یه‌ك
نه‌بن، که‌واته ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ى که بزووتنه‌وه‌یه‌کى چالاك له ناو
میسردا هه‌یه‌تى ناکرێته فه‌لسه‌فه‌ى گونجاو بۆ ناو کوردستان ئه‌گه‌ر
گۆڕانکارى به‌سه‌ردا نه‌هێنرێت له ڕووى بوونى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه
و ئه‌رکى گه‌وره‌ى ئه‌و خه‌باته‌ش ته‌نها له هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى
ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یدا ده‌بێت بۆ گه‌لى کورد شانبه‌شانى ڕۆشنبیرکردنى
کۆمه‌ڵگاکه‌یان و به‌ده‌ر له‌مه ده‌کرێته بزووتنه‌وه‌یه‌کى سیاسى و
ململانێى نێوان به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ده‌سه‌ڵات، جائایا به‌ده‌ست هێنانى
ده‌سه‌ڵات بێت له‌ڕێى دیموکراتیه‌وه یان گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌ڵات بێت
له‌ڕێى زۆردارى و کوده‌تاوه.
کاتێکیش ئه‌و بزووتنه‌وه سیاسیانه ده‌توانن ببنه سه‌رده‌سته‌ى سیاسى و
شوێنى به‌رامبه‌ره‌کانیان له‌ق بکه‌ن که مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تیه‌که
بکه‌نه ستراتیژى خۆیان و دوور بن له به‌رژه‌وه‌ندى ده‌ره‌کى به‌و پێیه‌ش
هه‌نگاوى گه‌وره‌تریان پێ ده‌نرێت له چاو بزووتنه‌وه‌کانى تردا ته‌نها
به‌هۆى ئه‌وه‌ى که کۆمه‌ڵگاى کورده‌وارى له مێژه‌وه کراوه‌ته
کۆمه‌ڵگایه‌کى ئیسلامى به کلتور و ئایینه‌وه.
ئه‌و باوه‌ڕه پته‌وه‌ى موسوڵمانانى گه‌لى کورد واى کردووه که لاى هه‌ندێ
به جۆرێك له شۆڕش و خه‌باتى بزانن و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیسلام به‌سه‌رچاوه‌ى
چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى ببینن و تێکه‌ڵ به بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى بکه‌ن،
هه‌ربۆیه لێره‌وه چالاکى ئیسلامى زۆر به ئاسانى توانیویه‌تى بگاته
کوردستان.
له‌لایه‌کى تره‌وه لوتشکاندن و کاردانه‌وه‌ى گه‌لانى سه‌رده‌سته‌مان
به‌هۆى پێویستیه‌کانى ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کانه‌وه پچڕ پچڕ بووه، بوونى
نه‌وت و ده‌وڵه‌مه‌ندى ناوچه‌که، بازاڕێکى فراوانى ته‌کنه‌لۆژیاى
ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌داره‌کان بووه و کراوه‌ته جێى زۆرینه‌ى ململانێ
نێوده‌وڵه‌تیه‌کان که خاکى کوردستانیش به‌شێکى گرنگى ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندیه
بووه.
بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ى تاى ترازوو و بۆ پاراستنى مافى خۆیان ئه‌و گه‌لانه له
خه‌باتدا بوون، له‌دواى جه‌نگى جیهانى دووه‌مه‌وه زۆرینه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى
ناوه‌ڕاست ئه‌نجامى باشیان به‌ده‌ست هێناوه هه‌ر له وه‌ده‌ست خستنى
ئازادى هه‌تا ده‌گاته خۆماڵى کردنى نه‌وت و هێنانه ئاراى ململانێ
ناوچه‌یى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، لێره‌وه به‌تایبه‌تى له‌ناو گه‌لى عه‌ره‌بدا
و به‌ویستى لایه‌نگرانى مارکسیه‌ت جۆره‌ها حیزب و لایه‌نى سیاسى سه‌ریان
هه‌ڵداوه که سۆڤییه‌تى جاران ده‌ستى ڕاسته‌وخۆى له دروستکردن و
سه‌رکه‌وتنیاندا هه‌بووه به‌مه‌به‌ستى لوتشکاندنى ڕۆژئاواییه‌کانى
به‌ریتانى و فه‌ره‌نسى و ئه‌مه‌ریکى.
ئه‌و بزووتنه‌وانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که ململانێى ئازادى نه‌ته‌وه‌یى و
هه‌ستانه‌وه‌ى گه‌لى عه‌ره‌ب بووه جێى پێشکه‌وتووخوازان که‌متر دیاره تا
شۆفێنیه‌کان و نه‌ته‌وه په‌رسته‌کان وه‌ك بزووتنه‌وه‌کانى به‌عسى و ناسرى
و پاشایه‌تى، بوونى ئیسرائیل له‌فه‌له‌ستین هۆکاریکى پله یه‌کى ئه‌م
هه‌سته بووه لاى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب، هه‌ربۆیه هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کى
به‌ده‌ر له عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌که‌دا خراوه‌ته ناو بازنه سووره‌ى که
به‌دژى عه‌ره‌بایه‌تى ناسراوه، لێره‌دا گه‌لى کوردیش ده‌گرێته‌وه و
زۆرینه‌ى نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانى عه‌ره‌ب نه‌ك هه‌ر دان به‌بوونیدا نانێن
به‌ڵکو له‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانى ئازادیاندا به هاوشێوه‌ى ئیسرائیلیان
ناساندووه، ئه‌م هه‌سته ئه‌وه‌نده قووڵ کراوه‌ته‌وه له خوێندنگا و
فێرگه‌کانى سیمیناره سیاسیه‌کانى وه‌ك جامیعه‌ى عه‌ره‌بى و وه‌حده‌ى
نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانى عه‌ره‌بیدا تا کاریگه‌رى کردۆته سه‌ر
پێشکه‌ووخواز و مارکسى و ئیسلامیه‌کانیش، هیچ لایه‌نێکى ناو نیشتیمانى
عه‌ره‌بى نه‌یتوانیوه دان به‌و ڕاستیه‌دا بنێت که گه‌لى کورد مافى
پێشێلکراوه.
هۆکارى ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ى که به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌بیشدا
هاتووه له کۆندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارى ئابوورى و نه‌بوونى ئازادى
نه‌ته‌وه‌یى که لاوازى ده‌وڵه‌تى عوسمانى کرایه ڕێخۆشکه‌رى هێنانى
ده‌وڵه‌ته ڕۆژئاواییه‌کان، له‌پاش ئه‌وه‌دا بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و
جیهادى دژ به ناشه‌رعێتى ده‌وڵه‌ت هاتۆته گۆڕێ که هه‌مان
به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌بووه و لێره‌وه ده‌بینین بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و
ڕزگارى نیشتیمانى بۆ گه‌لى عه‌ره‌ب هاوتاى چالاکى ئیسلامى بووه، به‌ڵام
ململانێى به‌رژه‌وه‌ندى ناوخۆ واى کردووه که بزووتنه‌وه
نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به هێڵێکى جیاوازدا بڕۆن و زۆر جار ئیسلامى چالاکیان به
ترسێك زانیوه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى خۆیان هه‌ربۆیه دژایه‌تیان کردووه،
ئه‌مه له‌کاتێکدا بووه که هۆکارى ده‌ره‌کى ئه‌و جیاوازیه‌ى دروست
کردووه و واته گه‌لى عه‌ره‌ب خۆى بڕیارده‌رى ئه‌و دیارده‌یه نه‌بووه.
بوونى ململانێى سۆڤیه‌ت و ڕۆژئاوا کارگه‌یه‌کى به‌رهه‌مهێنه‌رى ئه‌و
جیاوازیه ناوخۆیانه‌ى عه‌ره‌بى بووه و له‌گه‌ڵ نه‌مانى سۆڤیه‌تدا
ئاقارێکى نوێى به‌خۆوه بینى و په‌یوه‌ندى نێوان بزووتنه‌وه
نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ئیسلامیه چالاکه‌کان پته‌وتر کرا و هه‌ندێ له
بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى ناو کێشه و ململانێى ده‌ره‌کى ئیسلامیان
هێنایه ناو ڕاگه‌یاندنه‌کانى خۆیانه‌وه و کردیانه فه‌لسه‌فه‌ى نوێیان،
نموونه‌ى ئه‌مه‌ش به‌ئیسلام کردنى حیزبى به‌عسى مارکسى بوو که ڕێکخراوێکى
نه‌ته‌وه‌یى شۆفێنى سۆشیالیستى بوو که هیچ ناوێکیان له‌گه‌ڵ یه‌کدا
ناگونجێن.
ئه‌م قۆناغه‌ى که له‌نه‌مانى سۆڤییه‌ته‌وه ده‌ستپێده‌کات به‌لاى منه‌وه
به‌قۆناغى چواره‌مى ئیسلامى چالاك داده‌نرێت و ململانێ و کاردانه‌وه‌ى لێ
که‌وتۆته‌وه که کاریگه‌رى جیهانگیرى بۆ سه‌ر ناوچه‌که به‌زه‌قى دیاره،
که هیوادارم بتوانم له‌پاشاندا که‌مێك لێى بدوێم.
پاش سه‌رهه‌ڵدانى ئایینى ئیسلام پێش 1400 ساڵ قۆناغى یه‌که‌م هه‌نگاوى بۆ
نراوه، دووه‌م هه‌نگاو سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى و سێیه‌میش بڵاو
بوونه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تانى ڕۆژئاوا و نه‌مانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى و
له‌ده‌ستدانى شه‌رعیه‌تى ده‌وڵه‌ت و ئێستاش قۆناغێکى نوێیه که
تێکه‌ڵبوونى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى عه‌ره‌به به ڕابوونى
ئیسلامگه‌راییه‌وه، که‌واته قۆناغێکى مێژووى گرنگى ئیسلامى چالاکه و
ماوه‌ى هه‌ڵه کردن و ڕاستکردنه‌وه‌ى تێدایه، هه‌بۆیه گه‌لى کوردیش
به‌هۆى نزیکى جوگرافیایى و بوونى ئایینه‌که به‌شێوه‌یه‌کى فراوان له ناو
کوردستاندا پێویسته تێبینى ئه‌م قۆناغه بکات و زۆر به ووریاییه‌وه
مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکات. چالاکى ئیسلامى و بزووتنه‌وه‌کانیان به‌هه‌مان
سه‌نگى بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان کاریگه‌رى خۆیى ده‌بێت و ده‌کرێ
ببێته هۆى دابڕان یان نزیکبوونه‌وه‌ى زیاتر له‌یه‌کتر و به‌و پێیه‌ش
کاریگه‌رى له‌سه‌ر دواڕۆژى گه‌له‌که‌مان ده‌بێت.
كۆتایی به‌شى چواره‌م
به‌شى یه‌که‌م
به‌شى دووه‌م
به‌شى سێیه‌م
به‌شى پێنجه‌م
به‌شى شه‌شه‌م
|