|
ده‌رکه‌وتنى بیرۆکه‌ى ئه‌م جۆره بزوتنه‌وانه له ناو ده‌وڵه‌تێکى ژێر
ده‌سته‌ى بێگانه‌ى وه‌ك هیندستاندا، پاشان کشان و گه‌شه پیدانى ئه‌م
دیارده‌یه له پاکستان، به‌رامبه‌ر به سه‌رهه‌ڵنه‌دانى له ناو ووڵاته
عه‌ره‌بییه‌کاندا که شوێنى سه‌رچاوه‌ى ئایینه‌که‌یه، به‌لاى منه‌وه
ته‌نها هۆکارێك هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌شه‌رعى دانانى ده‌وڵه‌تى سه‌رده‌مه
له‌لایه‌ن موسوڵمانانه‌وه که له‌ڕوانگه‌ى ئایینه‌که‌وه ڕ‌ازى بوون به
گوزه‌ران له‌ژێر سایه‌ى ده‌وڵه‌تێکى شه‌رعى وه‌ك خه‌لافه‌تى عوسمانیه‌کان و
ڕ‌ازى نه‌بوون به‌و گوزه‌رانه‌ى که له‌ژێر سایه‌ى حکومه‌تێکى ناشه‌رعى
سه‌ربه به‌ریتانیه‌کان که په‌یڕه‌و کراوه له هیندستان و به‌و مانایه‌ى
به‌ده‌ره له ڕه‌وتى ئیسلامى، که ڕه‌زامه‌ندى په‌روه‌ردگارى پێوه
به‌نده بۆ وه‌رگرتنى خواپه‌رستیه‌که‌یان که ئه‌مه کراوه‌ته ئه‌رکێکى
سه‌رشانى موسوڵمانان، ئه‌وه‌یش له بنه‌ما بنچینه‌ییه‌کانى ئایینى ئیسلامدا
دیارى کراوه.
له‌لایه‌کى تره‌وه به‌و واتایه‌ى ووڵاته عه‌ره‌بییه‌کان له‌ژێر سایه‌ى
ئیمپڕاتۆریه‌تێکى شه‌رعى وه‌ك عوسمانییه‌کاندا بوون که ڕه‌مزى خه‌لافه‌تى
ئیسلامى هه‌ڵگرتبوو به‌پێى شه‌رعى ئایینى ئیسلام نه‌ك هه‌ر گوزه‌ران کردن
شه‌رعییه به‌ڵکو پێویست بوو پارێزگاریشى لێبکه‌ن، پاشان له ئه‌نجامى
ڕووخاندنى ده‌وڵه‌تى عوسمانی‌دا و وه‌لانانى خه‌لافه‌تى ئیسلامى له‌لایه‌ن
ئه‌تاتورکه‌وه له ساڵى 1924 دا، لێره‌وه چالاکى ڕابوونى ئیسلامگه‌رایى
له‌م ناوچانه‌شدا ده‌رکه‌وت و هه‌وڵى به‌شه‌رعى کردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت کرایه
ئه‌رکێکى ئایینى له‌سه‌ر موسوڵمانه‌کان.
له‌هه‌مان کاتدا له‌کوردستانیشدا به‌هۆى خواستى ئازادیخوازیه‌وه، سه‌رده‌م
سه‌رده‌مى شۆڕش کردن بووه، جگه له هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى که
پاڵپێوه‌نه‌رى شۆڕشگێره‌کان بووه هه‌ستى ئایینیش کرایه پاکانه‌یه‌کى
گونجاوى به‌هێز بۆ کۆکردنه‌وه‌ى لایه‌نگرانى شۆڕشه‌که، به‌تایبه‌تى
کۆمه‌ڵگاى کورده‌وارى که کۆمه‌ڵگایه‌کى ئیسلامى بووه و زۆرینه‌یان پێك
هێناوه. له‌لایه‌کى تریشه‌وه نزیکى شۆڕشگێڕه کورده‌کان له مه‌رکه‌زى
خه‌لافه‌ته‌وه واى کردووه که به‌خێرایى ئه‌نجامى کاردانه‌وه به‌رامبه‌ر
نه‌مانى خه‌لافه‌ت ده‌ربکه‌وێت، تائه‌و ڕاده‌یه‌ى کاربکاته سه‌ر نه‌خشه‌و
پیلانى کاتى ده‌ستپێ کردنى شۆڕش که هه‌نگاوه‌کانى شۆڕشى له‌یه‌کتر دابڕى و
له‌هه‌دێ شوێن ده‌ستپێشخه‌رى کرا که بووه هۆى ئه‌وه‌ى به سه‌رهه‌ڵدانێکى
سه‌رتاسه‌رى ده‌ستپێ نه‌کات، هه‌روه‌ك له‌کاتى شۆڕشه‌که‌ى شێخ سه‌عیدى
پیراندا ئه‌مه به‌ئاشکرا به‌دى ده‌که‌ین، که لایه‌نگرانى ئایینى نزیك به
شێخ پێش کاتى دیارى کراوى شۆڕش که له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تى سیاسیه‌وه
دیارى کرابوو وه‌ك هه‌ڵچوونێك ئاقارى شۆڕ‌شیان گۆڕى، که بوو به هۆى
دامرکاندنه‌وه‌ى شۆڕشه‌که به‌زوویى. ئه‌م له‌یه‌ك ترازانى
به‌رژه‌وه‌نیانه کێشه‌یه‌کن و بوونیان هه‌بووه و هه‌یه له‌کۆن و
له‌ئێستاشدا، که پێویسته له‌پێناوى نه‌هێشتنیان کار بکه‌ین و ئه‌وه‌ش
گرنگه که بزانین کاره‌کانیشمان نابێت یه‌ك لایه‌نه بێت. لێره‌وه گرنگى
له‌یه‌ك گه‌یشتن ده‌رده‌که‌وێت هه‌ربۆیه ده‌رخستن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ى
به‌رنامه‌و خواستى لایه‌نه سیاسیه جۆراو جۆره‌کان کارێکى پێویسته.
له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردستانیشدا پێویسته ئه‌وه‌ش بزانرێت که خوێندنگاى
ئه‌زهه‌رى میسر سه‌رچاوه‌ى زانست و زانیارى ئه‌و سه‌رده‌مه بووه، که
زاناى شاره‌زاو به‌ناوبانگى تیا هه‌ڵکه‌وتووه، هه‌ربۆیه ده‌بینین
سه‌ره‌تاى بزووتنه‌وه و چالاکییه‌کانى گه‌ڕانه‌وه بۆ به شه‌رعیه‌ت کردنى
ده‌سه‌ڵات و ئاماده‌کارى له میسر سه‌رى هه‌ڵداوه، که له‌سه‌ره‌تادا و
به‌نه‌مانى خه‌لافه‌ت حه‌سه‌ن به‌ننا که‌وته کۆکردنه‌وه‌ى خوێندکاره
دڵگه‌رمه‌کان بۆ خه‌به‌رکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگاکه‌یان و ئه‌مه‌ش له مزگه‌وت و
چایخانه‌کاندا به شێوه‌یه‌کى ساکار و سه‌ره‌تایى داوایان له خه‌ڵکى
ده‌کرد بۆ توندگرتنى ئایینه‌که‌یان و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ڕه‌وتى
ئیسلام و سوننه‌ته‌کان، به‌تایبه‌تى مامۆستایه‌کى وه‌ك حه‌سه‌ن به‌ننا
که‌سێکى به‌تواناى ئه‌و ده‌مه بووه و پیشتریش چه‌ند کۆمه‌ڵه‌و ڕێکخراوێکى
ناو قوتابیانى دامه‌زراندووه، به‌به‌رده‌وامى ئه‌م داوایانه و هاندان و
کۆکردنه‌وه‌ى خویندکاران و که‌سانى شاره‌زا توانى له ساڵى 1928 دا
ڕێکخراوێکى میانڕه‌و و کۆمه‌ڵایه‌تى پێکبهینێت به‌ناوى ئیخوان موسلیمین که
پاشان کرایه ڕێکخراوێکى فراوانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى میسر و ئێستاش له
چه‌ندین وو‌ڵاتى سه‌ر زه‌میندا بوونیان هه‌یه، که به‌لاى منه‌وه ته‌واو
که‌ر و تۆکمه کردنى چالاکییه‌کانى ئیسلامى سیاسیه، نه‌ك سه‌ره‌تاى
سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلامى سیاسى وه‌ك زۆرینه‌ى نوسه‌ران واى داده‌نێن، به‌و
مانایه‌ى ئیسلامى سیاسى یان ئیسلامى چالاك ئه‌رکى ڕه‌تکردنه‌وه‌ى
ده‌سه‌ڵاتى ناشه‌رعیه.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ئه‌تاتورك ئه‌نجامى زۆر خراپى لێ وه‌شایه‌وه،
له‌لایه‌که‌وه ده‌وڵه‌ته‌که‌ى کرده ده‌وڵه‌تێکى تورانى ووشکى نه‌گۆڕ
به‌دامه‌زراندنى ستراتیژیه‌کى ڕه‌سمى بۆ ده‌وڵه‌ت، که هه‌تا ئێستاش
پێه‌وه ده‌ناڵێنن و هیچ هه‌نگاوێکیان بۆ نانرێت به‌ره‌و گۆڕانکارى، نه
به‌ره‌و نزیکبوونه‌وه‌یان له ئه‌وروپا که خه‌وى پێوه ده‌بینن و نه
به‌ره‌و ئه‌و دیموکراتى و ئازادیه‌ى که مافى گه‌لێکى چه‌ند ملیۆنى وه‌ك
کوردى تیا بپارێزرێت، له‌لایه‌کى تریشه‌وه نه‌وه‌کانى ناو ئه‌و
ده‌وڵه‌تانه‌ى کرده دژى یه‌ك که له‌ژێر سایه‌ى عوسمانیه‌کاندا بوون که
پێش ئه‌وه هیچ کێشه‌یه‌کیان له‌نێواندا نه‌بووه، ئه‌و گه‌لانه له‌ژێر
سایه‌ى ئیمپراتۆریه‌تێکى فراوانى دواکه‌وتوودا تاڕاده‌یه‌ك ئارام بوون و
پێیشى ڕ‌ازى بوون ئه‌گه‌ر که‌مێك گۆڕانکارى بکرایه، به‌ڵام ئه‌مه قه‌ده‌رى
دواکه‌وتوویى پیاوه نه‌خۆشه‌که بوو و چاوچنۆکى زلهێزه‌کانى رۆژئاوا
کۆتای‌یان به‌ژیانى هێنا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌هۆى دواکه‌وتووى
ده‌سه‌ڵاتدارانیه‌وه کرابوویه پیاوه نه‌خۆشه‌که و هیچ پێشکه‌وتنێکى
ئابوورى و ته‌کنه‌لۆژى به‌خۆوه نه‌دى به‌هه‌مان شێوه به‌نه‌مانیشى
ئه‌تاتورك نائارامیه‌کى تر‌ى بۆ ئه‌و گه‌لانه کرده دیارى، به‌فرسه‌تى
ده‌زانم ئه‌وه بنوسم که ئه‌رکى گه‌وره‌ى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى ناو تورکیا
شۆڕشى گۆڕانکارییه به‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌م و سیاسه‌ته‌ى که ئه‌تاتورك بۆى
داڕشتوون بۆ گونجاندنى کۆمه‌ڵگاکه‌یان له‌گه‌ڵ دونیاى پێشکه‌وتووى
سه‌رده‌مدا.
دیاره گۆڕانکاریه‌کانى دونیاى سه‌رمایه‌دارى و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر
ووڵاتانى دواکه‌وتوو به‌زه‌قى دیاره، زیاتر له نیوه‌ى دانیشتوانى
ووڵاتانى سێیه‌م و کۆمه‌ڵگاکان لایه‌نگر و داواکارى ئه‌و پیشکه‌وتنانه
ده‌بن که ڕۆژئاواییه‌کان له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یهێنن، با هه‌رچه‌نده
له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئابوورى خۆیشیاندا بێت، به‌مه‌ش لایه‌نگر و دژایه‌تى
که‌رانى ئه‌و گۆڕانکاریانه جیاوازیه‌کانى نێوان چین و توێژه‌کانى ناو
کۆمه‌ڵگایه‌ك گه‌وره‌تر ده‌کات و هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌وى تر یان به دوا
که‌وتوو یان به نۆکه‌ر و کافر داده‌نێن یان هه‌ر ناوناتۆره‌یه‌کى تر.
هه‌ربۆیه مه‌به‌ستى ئێمه له‌م نوسراوه‌دا دژایه‌تى کردنى ئه‌و
دابڕانه‌یه که وه‌ك میرات بۆمان ماوه‌ته‌وه و داکۆکى کردنه له ده‌ست
خستنه ده‌ستى یه‌کتره‌وه بۆ نه‌هێشتن و چاره‌سه‌ر کردنى ئه‌و کێشانه‌ى
که ڕۆژانه هه‌ستى پێ ده‌که‌ین و یه‌که‌م هه‌نگاویش داننان به بوونى
کێشه‌کانى ناو خۆمانه، پاشان ڕوونکردنه‌وه‌ى هۆکاره‌کانیه‌تى که ئه‌رکى
هه‌مووانه، که پێم وایه به بێ تێگه‌یشتن له‌یه‌کتر ئه‌و ئامانجه
نایه‌ته دى، چ لاى که‌سانى عه‌لمانى و چ لاى که‌سانى ئایینى، هیچ لایه‌کیش
ناتوانێت لایه‌نه‌که‌ى تر بنبڕ بکات.
هه‌ربۆیه به گرنگى ده‌زانم بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌رکانه که‌مێك
تایبه‌تمه‌ندێتى بخه‌مه به‌رده‌م خوێنه‌ر که به‌و هۆیه‌وه توانیبێتم
هه‌وڵێکى گشتلایه‌نه بخه‌ینه گه‌ڕ له‌پێناوى نه‌هێشتنى ئه‌و توندوتیژى و
یه‌کتر ڕه‌فز کردنه‌ى که له‌ناو کوردستانیشدا هه‌یه.
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئیشاره‌تم پێدا، ڕه‌تکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ناشه‌رعى به
بۆچوونى ئیسلام به ئه‌رکێکى سه‌رشانى موسوڵمانه‌کان داده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ى
عیباده‌ت و خواپه‌رستییان لێوه‌ربگیرێت، پێویسته ئه‌وه‌ش بێنینه‌وه یاد
که ده‌سه‌ڵاتى شه‌رعى ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته‌یه که به‌رنامه‌و نێردراوى
په‌روه‌رگارێکى دروستکه‌رى ئاده‌میزاده و زیاد له 1400 ساڵ له‌مه‌و به‌ر
نه‌خشه‌ى بۆ داڕێژراوه، دواى ئه‌وه ته‌نها شیکردنه‌وه و ڵێکۆڵینه‌وه‌ى
شاره‌زاکانه که توانیبێتیان له‌و نه‌خشه‌یه‌دا به‌ره‌و گونجاندن
هه‌نگاویان نابێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یشیان کردبێت بۆیان نه‌بووه له خاڵه
سه‌ره‌کیه‌کانى لابده‌ن، هه‌ربۆیه ده‌سه‌ڵاتى شه‌رعى له ئایینى ئیسلامدا
گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ شێوه ژیان و مامه‌ڵه‌کردنى خه‌ڵکى بۆ قۆناغى سه‌ره‌تاى
ئیسلام که به پێى (قورئان و سوننه‌ت) دیارى کراوه.
موسوڵمانان له‌وه دڵنیان و واى داده‌نێن که ئایینى ئیسلام له‌به‌ر
ئه‌وه‌ى هیچ ئایینێکى تر به‌دوایدا نه‌هاتووه و نایه‌ت، هه‌روه‌ك له‌دواى
پێغه‌مبه‌ره‌وه (د.خ) هیچ پێغه‌مبه‌رێکى تر ڕه‌وانه ناکرێت، مرۆڤیش
دروستکراوى په‌روه‌ردگاره که‌واته مرۆڤ تواناى گۆڕانکارى ویسته‌کانى خواى
گه‌وره‌ى نییه و نایشکرێت گۆڕانکارى بکرێت له شێوه‌و گونجاندنى ئه‌و
به‌نامه‌یه‌ى که خوا بۆ ئاده‌میزادى دیارى کردووه، که‌واته پیرۆزى
قورئان و سوننه‌ته‌کان پیرۆزییه‌کى به‌رده‌وامییه و وه‌ك ئه‌وه وایه که
ئێستا نێردرا بێت و گونجاوى هه‌موو سه‌رده‌مێکه و هه‌ر به‌و چاوه‌وه
سه‌یر ده‌کرێت.
ئه‌م بۆچونانه واى کردووه که چالاکى گه‌ڕان به‌دواى ڕه‌گوڕیشه و
بنه‌ماکانى ئایینى ئیسلام و ڕه‌وتى کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌ماکانى شه‌رع
بکرێته ئه‌رکى موسوڵمانان، که هه‌ندێ له‌و ئیسلامیه چالاکانه ته‌نانه‌ت
هه‌موو پێشکه‌وتنێکى ته‌کنه‌لۆژیاش ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات
بگرنه ده‌ست ئه‌و ژیانه داده‌مه‌زرێنن که کاتى خۆى په‌یڕه‌و کراوه،
ئه‌مه بۆچوونى هه‌ندێ له‌و گروپانه‌یه که به‌توندڕه‌وترین ئیسلامى چالاك
ده‌ناسرێن. که ڕه‌نگ بێت له‌ئه‌نجامى ئه‌زموون و ڕۆژگاره‌وه تواناى
ژیانیان نه‌مێنێت به‌بێ گۆڕانکارى به‌سه‌ر ئه‌و بۆچونانه‌دا. به‌ڵام ئه‌مه
ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ماوه‌ى پیاده‌کردنى ئه‌و بۆچوونانه بدرێت به‌هۆى
ئه‌نجامى خراپیه‌وه له‌سه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵگا و دواکه‌وتنى هه‌موو
دیارده‌یه‌کى ژیان. که‌واته گرنگه له‌وه بگه‌ین که سنوورێك بۆ هه‌موو
بۆچونێك هه‌یه و خواستى خزمه‌ت کردن به‌مرۆڤ که هیواى هه‌موو
بۆچونه‌کانه ڕێگرى ئه‌وه‌ن که زیانه‌کانى لایه‌نێك ده‌ربکه‌وێت،
هه‌ربۆیه له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ناکرێ بڵێین هه‌موو لایه‌نگرانى ڕابوونى
ئیسلامى و ئیسلامه چالاکه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه‌دان که
توندڕه‌وه‌کان گرتویانه‌ته به‌ر ئه‌مان ده‌کرێ خۆیان بخزێننه نێو
کۆمه‌ڵگاى سه‌رده‌مه‌وه به خۆ گونجاندنیان له‌گه‌ڵ ڕه‌وتى مرۆڤایه‌تیدا،
له‌لایه‌کى تریشه‌وه هه‌رهه‌مان کۆمه‌ڵى یه‌که‌م واته توندڕه‌وه‌کانیش
تواناى دابڕانى یه‌کجاره‌کیان نییه له‌گه‌ڵ هه‌موو بواره‌کانى
ته‌کنه‌لۆژیادا به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى ناهاوسه‌نگى له جۆرى ژیانى تاك و
کۆمه‌ڵه‌که‌یدا هه‌روه‌ك له شه‌ڕه‌کاندا ده‌یبینین به به‌کارهێنانى
ئینته‌رنێت و فڕۆکه و جۆره‌ها ته‌کنه‌لۆژیاى نوێ که له‌و سه‌رده‌مه
کۆنانه‌دا نه‌بووه.
ئه‌م ڕاستیانه شاراوه نین، به‌ڵام به‌هۆى جیاوازى
به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانه‌وه، کار گه‌شتۆته نه‌گونجاندن و پێکدادانى کلتور و
هه‌لسوکه‌وتى ئه‌و که‌سانه‌ى که جیاواز له‌یه‌ك بیر ده‌که‌نه‌وه، جا ئایا
ئه‌وانه له ناو یه‌ك نه‌ته‌وه‌دا بن یان له‌ده‌ره‌وه‌ى سنوورى
نه‌ته‌وه‌یه‌کدا، یان ئایا ئه‌وانه که‌سانى ڕاستگۆى ڕابوونه‌که بن یان
که‌سانى خۆویستى هه‌لپه‌رست که وه‌ك بیانوویه‌ك هه‌ستى ئایینى
به‌کارده‌هێنن بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست.
كۆتایی به‌شی دووه‌م
به‌شى یه‌که‌م
به‌شى سێیه‌م
به‌شى چواره‌م
به‌شى پێنجه‌م
به‌شى شه‌شه‌م
|