|
|
||||
![]() |
هیلاری كلینتۆن یان له سیاسه‌ت تێ ناگات یان بیانووى تر‌ى پێ نه‌ماوه |
|||
|
خالید عه‌لى فه‌ره‌ج |
||||
|
له ڕۆژى 13ى ئه‌م مانگه‌دا کاتى هه‌ڵسه‌نگاندنى بڕیاره‌که‌ى
کۆمه‌ڵه‌ى ئاسایشى سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بوو له‌باره‌ى درێژ
کردنه‌وه‌ى ماوه‌ى ساڵێك بۆ هێزه هاوپه‌یمانه‌کان له عێراقدا که له
مانگى نۆڤه‌مبه‌رى پاره‌وه بڕیارى له‌سه‌ر درابوو، هه‌ر ئه‌و کاته‌ش
ئه‌وه‌یان دیارى کرد که له‌مانگى حوزه‌یراندا لێکۆڵینه‌وه‌ى زیاترى
له‌سه‌ر ده‌کرێ و ئێستاش پاش هه‌ڵسه‌نگاندنى پێویست ڕۆژى چوارشه‌ممه
پشتیوانیان دووباره کرده‌وه و داوایان کرد یارمه‌تى عێراقیه‌کان بدرێ له
ڕووى ئاشتبوونه‌وه‌ى نێوانیان و گه‌شه‌ى ئابووریدا، ئه‌وه‌شیان ده‌رخست که
گۆڕانکارى پێویست نه‌کراوه له‌ڕووى به‌ره‌و پێشچوونى بار‌و دۆخى ناو عێراق
چ له‌باره‌ى سه‌قامگیرى و چ له‌ڕووى ئابووریه‌که‌یه‌وه. له‌لایه‌کى تره‌وه خۆمان ئاگامان له ڕه‌وتى ئاسایشى ناو عێراقه و ته‌قینه‌وه‌ى شوێنه ئاینیه‌کان و کارى تێکده‌رانه‌ى هه‌ست بزوێنه‌رانه کراوه‌ته وێنه‌یه‌کى ڕۆژانه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵى له‌بار بردنى تواناکانى حکومه‌تى عێراقى به ده‌ستتێکه‌ڵ کردنى پۆلیس و هه‌ندێ له لێپرسراوى خودى حکومى له کاره تێکده‌ره‌کاندا و هه‌وڵى کوده‌تا و زۆر شتى تر. که‌واته تائێستا هیچ تروسکاییه‌ك به‌دى ناکرێ که به‌م زووانه بارودۆخى ناو عێراق به‌ره‌و خراپتر نه‌ڕوات ئه‌گه‌ر هاوکارى هێزه هاوپه‌یمانه‌کان که‌م بکرێته‌وه، که‌چى هیلارى کلینتۆن که چاوه‌ڕێى ئه‌وه ده‌کرێ خۆى کاندید بکات بۆ پۆستى سه‌رۆکایه‌تى له هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوودا، واته پێویسته ئه‌و وورده‌کارییانه تێبگات که ترس له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ییان که‌مده‌کاته‌وه و هه‌موو ووتارێکى ڕاگه‌یاندنه‌کانى له‌سه‌ر حسابه که‌چى دوو بۆچوونى سه‌یرى ڕاگه‌یاند که نه‌شاره‌زایى ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر خۆى چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ى لێ نه‌کرێت جێبه‌جێیان بکات! تۆ بڵێى هیلارى خۆى شیرین‌تر بکات و ئاواتى گه‌لى کورد بهێنێته‌دى؟ خاتونى هێژا هیلاری كلینتۆن له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سیناتۆره‌كانی
ئه‌مریكادا ده‌ڵێت: ده‌بێت به گرنگییه‌كی زۆره‌وه بڕوانینه
مه‌سه‌له‌ی كورده‌كانی عیراق، چونكه ئه‌وان توانییان به هه‌وڵی خۆیان
سه‌دامی دیكتاتۆر له خاكی خۆیان ده‌رپه‌ڕێنن و حكومه‌تێكی تایبه‌ت به
خۆیان پێكبهێنن، كه ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باشه و نزیكیان ده‌كاته‌وه له
پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی كوردیی سه‌ربه‌خۆ. پاشان ئه‌و خاتوونه به‌ڕێزه ده‌فه‌رمووێ له پێکهێنانى ده‌وڵه‌تى کوردى سه‌ربه‌خۆ نزیکبوونه‌ته‌وه، بۆ من ئه‌مه گرنگه و موچوڕکه‌م پیا ده‌هێنێ، به‌ڵام ئایا چ کارێکى ئه‌وتۆمان کردووه که بتوانین ببینه خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ؟ ئایا به‌وه‌ى که ئه‌زموونى 16 ساڵ فێرى کردووین حکومه‌تێکى ته‌کنۆکراتى سه‌رده‌مى جیهانگیرى پێکبهێنین؟ یان به‌وه‌ى که هه‌رچى پێویستیه‌کانى ڕۆژانه‌ى گه‌له‌که‌مانه خۆمان به‌رهه‌مى ده‌هێنین و نه‌بووینه‌ته مشه‌خۆر؟ یان توانیوومانه به‌تاڵه که‌م بکه‌ینه‌وه؟ یان تۆ بڵێى ئێمه له‌وه نهگهشتبین که ئیتر پێویستمان به خواردن و خواردنه‌وه نامێنێ چونکه له ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمه‌وه بۆمان دێ؟ من به پێچه‌وانه‌ى خاتوو هیلارى تێده‌گه‌م و پێم وایه تا ئێستاش هیچ هه‌نگاوێکمان بۆ ئه‌و ئازادییه نه‌ناوه و خۆیشمان نازانین چۆن ئه‌وه ده‌کرێ. له حکومه‌تى ته‌وافوقى سیاسى زیاتر هیچمان بۆ هه‌رێمه‌که‌مان نه‌کردووه، ڕۆژ به‌ڕۆژ داهێنانێکى نوێ له تهوافقێکدا ده‌که‌ین، خۆ ئه‌وه زۆر گرنگه ئه‌ى وانییه؟ چى بکه‌ین له حکومه‌تى ته‌کنۆکرات؟ کێمان هه‌یه پله‌ى خوێندنى بیگه‌یه‌نێته شوێنى مه‌به‌ست؟ چیمان هه‌یه ده‌ستى کرێکارى پێ بخه‌ینه گه‌ڕ؟ پاشان ئێمه بێکارمان نییه و هه‌مووى مانگانه‌ى خۆى هه‌یه و خۆیشى ماندوو ناکات جا چ پێویست به‌وه ده‌کات؟ به‌هه‌موومانه‌وه ئاسایش ده‌پارێزین و هه‌موومان کارى پۆلیسى ده‌که‌ین، که‌چى هه‌ر جار جار شتێك ڕوو ده‌دات، تائێستاش ئه‌و کۆمپانیا گه‌ورانه‌ى دێنه ناو کوردستانه‌وه به‌کرێکارى خۆیان و به‌شاره‌زایى خۆیان کاره‌کانمان بۆ جێبه‌جێ ده‌که‌ن و هه‌ر کاتێکیش کاره‌کانیان به‌نیوه ناچڵى ته‌واو کرد خۆیان و کرێکار و شارهزاییهکهیشیان به سوپاس و پاره‌یه‌کى زۆره‌وه ده‌نێرینه‌وه وو‌ڵاتى خۆیان، ئێمه نه کار بۆ ئه‌وان ده‌که‌ین و نه‌شاره‌زایى ئه‌وانیشمان پێویسته، هیچ منه‌تیان نه‌بێت و هه‌ر کاتێکیش پێویستمان به‌و کارانه بوویه‌وه ئه‌وا بانگیان ده‌که‌ینه‌وه و پاره‌یان ده‌ده‌ینێ، چ پێویست ده‌کات خۆمان به‌وه‌وه سه‌رقاڵ بکه‌ین؟ مادام به پاره بۆمان بچێته سه‌ر که‌ى کێشه‌یه؟ بۆ خۆمان فێر بکه‌ین؟ پاشان بۆچى خوێندکار له‌شتى وادا ماندوو بکه‌ین؟ ئه‌ى جووتیاره خۆشه‌ویسته‌کانمان بۆ ناڵێی؟ بۆ خۆیان ماندوو بکه‌ن؟ چ پێویست ده‌کات کرێکارى کوردستانى خۆشه‌ویست شوێنى سه‌یرانگاکانمان بۆ پاك بکه‌نه‌وه؟ کرێکار له ووڵاتانه‌وه ده‌هێنین.. ئێمه ته‌نانه‌ت سه‌وزه‌و میوه‌شمان له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمه‌وه ده‌هێنین، ناهه‌قیشمان نییه، ئه‌وه‌ى خۆمان گران و که‌مه و به‌شمان ناکات. خاتوو هیلارى کلینتۆنى هێژا، با من نهێنیه‌کى خۆمانت بۆ ده‌ربخه‌م، حکومه‌تى هه‌رێم نه‌ك هه‌نگاوى بۆ ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى نه‌ناوه به‌ڵکو گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ دواوه و هه‌نگاوى بۆ دواوه ناوه. ئه‌و هه‌سته جوانه‌ى جارانى لاوه دڵگهرمهکانمان که ده‌بووایه بکرایه‌ته هه‌وێنى سه‌ربه‌خۆیى، به‌هۆى بێکارى و هه‌ستى بێزارى گه‌نده‌ڵى و تۆڵه‌ى شوێنگرتن و بۆ هه‌نده‌ران ڕاکردن و زۆۆۆۆر شتى تره‌وه کێ ئه‌و هه‌سته‌ى ماوه؟ یان کێ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى ماوه که جارێکى تر کورد خۆى بتوانێت سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنێ؟ هه‌موو هیوایه‌کمان ته‌نها ئێوه‌ن، ئێمه کارى زۆر باشمان بۆ کردوون و ئاسایشى هه‌رێممان بۆ ئێوه پاراستووه، ده ئێوه‌ش کاره‌که‌تان بگه‌یه‌ننه سه‌ر و ده‌وڵه‌ته‌که‌مان بۆ دروست بکه‌ن. ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێى ئێمه بن که ده‌وڵه‌تى کوردى سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنین ئه‌وا تۆیش وه‌کو ئێمه‌ت لێ دێ و هه‌موومان ده‌ستمان له بنى هه‌مانه‌که‌وه ده‌رئه‌چێ.
هه‌ربۆیه له‌کۆتاییدا ده‌ڵێم کاتێ داواى که‌مکردنه‌وه‌ى هێزه‌کانتان بکه،
که وه‌ك که‌مکردنه‌وه‌ى په‌ستانى هه‌واى ناو قه‌باره‌یه‌ك به شتى پیس پڕ
نه‌کرێته‌وه.
كۆتایی |
||||